جۆن كیربی: رێككه‌وتن نه‌كراوه‌ له‌باره‌ی واده‌ی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌ عێراق

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شدا سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان ئه‌مریكا-عێراق ئاماژه‌ی به‌ رێككه‌وتن كراوه‌ له‌باره‌ی درێژه‌دان به‌ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكا له‌ عێراق، به‌ڵام گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پنتاگۆن)، جۆن كیربی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه‌ له‌باره‌ی به‌رواری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان.

ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌ی له‌ ئه‌نجامی خولی سێیه‌می گفتوگۆی ستراتیجیی نێوان شانده‌كانی هه‌ردوو وڵات ده‌ركرا كه‌ به‌ به‌شداری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌نتۆنی بلینكن و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن به‌ڕێوه‌چوو، بووه‌ته‌ جێی مشتومڕ.

گوته‌بێژی پنتاگۆن، جۆن كیربی له‌ میانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی رۆژانه‌دا وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌و بڕگه‌یه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا هاتووه‌ له‌باره‌ی خولی سێیه‌می گفتوگۆی ستراتیجیی ئه‌مریكا-عێراق كه‌ ده‌ڵێت ''رێككه‌وتن كراوه‌ له‌باره‌ی درێژه‌دان به‌ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازانی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكا له‌ عێراق'' بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ ئه‌وه‌ هه‌رگیز به‌ واتای ده‌ستپێكی كشانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌.

گوتیشی: ''له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ بڕیاردراوه‌ هه‌ردوولا هه‌ندێك كۆبوونه‌وه‌ی ته‌كنیكی زیاده‌ بكه‌ن له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ی كۆتایی''.

جۆن كیربی باسی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌مریكا به‌ ره‌زامه‌ندی و بانگهێشتی حكوومه‌تی به‌غدا له‌ عێراقه‌ و ئه‌و ئه‌ركه‌ی دژبه‌ رێكخراوی تیرۆریستیی داعش ده‌ستیپێكردووه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی سه‌ربازیی ئه‌مریكا له‌ عێراق دانه‌مه‌زراوه‌ و حكوومه‌ت ده‌مێكه‌ گفتوگۆی كردووه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ رۆژێك سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌كشێنێته‌وه‌.

جۆن كیربی هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر گرنگیی بوونی ئه‌مریكا له‌ عێراق و گوتی: ''له‌ راستییدا ئه‌وه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا بینیتان جه‌ختكردنه‌وه‌مانه‌ له‌سه‌ر گرنگیی هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵ عێراق، گرنگیی ئه‌و ئه‌ركه‌ی دژبه‌ داعش درێژه‌ی هه‌یه‌ و له‌ كۆتاییشدا خواستمان بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی كاتێكی گونجاو بۆ كشانه‌وه‌''.

گوته‌بێژی پنتاگۆن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ نیازی ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ تازه‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ نوێیه‌ی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هه‌یه‌ له‌ باره‌ی كشانه‌وه‌وه‌ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ی ته‌كنیكیه‌ و گوتی: ''له‌ئێستادا هیچ رێككه‌وتنێك نییه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك سه‌رباز كه‌ی ده‌كشێنه‌وه‌''.