نێد پرایس : ئه‌مریكا له‌ پرسی دانووستان له‌گه‌ڵ ئێران هیچ په‌له‌ی نییه‌

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، نێد پرایس ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ ئاماده‌كاری بۆ لابردنی ئه‌و سزایانه‌ی سه‌ر ئێران ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران ناگونجێن.

نێد پرایس له‌ میانی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی رۆژانه‌یدا باسی له‌ دانوستانه‌كانی تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران كرد كه‌ له‌ئێستادا له‌ ڤییه‌نا-ی پایته‌ختی نه‌مسا به‌رده‌وامن.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌مریكا له‌ پرسی دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران، هیچ په‌له‌ی نییه‌ و هیواشی خواست له‌ كۆتایی دانوستانه‌كانی ڤییه‌نا، بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك كه‌ تیایدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا پارێزراوبێت.

نێد پرایس ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ ئاماده‌كاری بۆ لابردنی به‌شێك له‌ سزاكانی سه‌ر ئێران ده‌كه‌ن و گوتی: "ئاماده‌كاری ده‌كه‌ین بۆ گرتنه‌به‌ری ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران پێویستن، لابردنی ئه‌و سزایانه‌شی كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران ناگونجێن به‌شێكن له‌و هه‌نگاوانه‌".

ناوبراو هیچ زانیارییه‌كیشی ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و سزایانه‌ چین كه‌ كار بۆ لابردنیان ده‌كرێت، نه‌خسته‌ڕوو.