پاریس سانجێرمان سه‌ركه‌وتنێكی گرنگی به‌سه‌ر بایره‌ن میونشن تۆماركرد


لە گەڕی چوونی قۆناغی چارەگی كۆتایی خولی تۆپی پێی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپاو لە یاری لوتكەدا، یانەی پاریس سانجێرمان سەركەوتنێكی گرنگی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێناو بە سێ‌ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی بایره‌ن میونشنی میوانداری و پاڵەوانی وەرزی ڕابردووی خولەكەی بردەوە.
 یاریزانانی هەردوو تیپ بە شێوەیەكی بەهێز دەستیان بە ڕووبەڕوو بوونەوەكە كردو سێ‌ خولەك دوای فیكەی دەستپێكی یاری، كلیان مباپێی فەڕەنسی و ئەستێرەی لاوی پاریس سانجێرمان گۆڵێكی بۆ تیپەكەی تۆماركرد.
 پاشان ماركینیۆسی بەڕازیلی ده‌رفه‌تێكی قۆسته‌وه‌و گۆڵی دووەمی تیپی میوانی لە خولەكی بیستوهەشت بەدەستهێنا، لەو لاشەوە هێرشبەری كامیرۆنی ئێریك ماكسیم چۆپۆ گۆڵێكی بۆ بایرن لە خولەكی سیی و حەوت به‌ لێدانی سه‌ر تۆماركردو جیاوازی گۆڵەكانی نێوان هەردوو تیپی لە گێمی یەكەم كەمكردەوە، لە گێمی دووەم و لە خولەكی شەستدا، یاریزان تۆماس مۆلەر سوودی له‌ لێدانێكی ڕاسته‌وخۆ وه‌رگرت و گۆڵی دووەم و بەرامبەری تیپە باڤاریەكەی هه‌ر به‌ لێدانی سه‌ر بەدەستهێناو ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، دواتر كلیان مباپێ‌ گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەم و بردنەوەی تیپە پاریسیەكەی لە خولەكی شەست وهەشت تۆماركرد كە ئەمەش هەشتەمین گۆڵی یاریزانەكە بوو لەم وەرزەی چامپیۆنس لیگ و لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی گۆڵكارانی خولەكە دێت.
 بەم ئەنجامەش پاریس سانجێرمان سەركەوتنێكی گرنگی بەدەستهێنا بەر لەوەی سێشەممەی داهاتوو لە گەڕی هاتن و له‌ یاریگای خۆی له‌ پاریس میوانداری بایرن بكات .