لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانی هەولێر لەبارەی پارەی مانگانەی مۆلیدەوه‌ ڕوونکردنەوە دەدات

 لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر رایده‌گه‌ێنێت، مانگی ڕابردوو نرخی ئەمپێرێک کارەبا لە نێوانی 6 هەزار دینار بۆ 8 هەزار و 250 دینار بووە.

 ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر،  رایده‌گه‌ێنێت: کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی سێ بۆ هەر کاتژمێرێک 36 دینار دینار دیاریکراوە، کە ئەمپێری به گشتی له نێوان 6 هەزار دینار بۆ 8 هەزار و 250دینارە.

ده‌شڵێت: بە گشتی مۆلیدەکان ڕۆژانە 6 کاتژمێر کارەبایان داوەتە هاووڵاتییان، "جیاوازیی نرخەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە هەندێک شوێن کارەبای نیشتمانی زۆرتر هەبووە و لە هەندێک شوێنی تریش بەهۆی بارقورسی، کارەبا کەمتر دراوە.

سەبارەت بەناره‌زای خاوەن مۆلیدە له‌باره‌ی پاره‌ی ئه‌م مانگه‌وه‌ رایده‌گه‌ێنێت: ژمارەکی کەم لە خاوەن مۆلیدەکان گلەییان لە کەمیی نرخ هەبوو، بەڵام گاز هەرزان بووە و کارەباشیان کەمتر داوەته‌وه‌، ئەگەر نا ئەو نرخەی داندراوە 36 دینار بۆ هەر کاتژمێرێک کەم نییە.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه‌: له ناو هەولێر زیاتر لە هەزار مۆلیدە هەیە و لە دەوروبەریش  900 مۆلیدە هەن، تەنیا 50 کەسێکیان ناڕازی بوونه‌، ئەوانی تر رازین و هیچ کێشەیەکیان نییە.