دوای په‌سندكردنی بوودجه‌ نرخی دۆلار به‌كوێ ده‌گات؟

دوای ئه‌وه‌ی بوودجه‌ی عێراق په‌سندكرا، نرخی دۆلار له‌ بازارِه‌كانی دراو به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینێ.

له‌مباره‌یه‌وه‌ نه‌دا شاكرجه‌وده‌ت، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: نرخی دۆلار دوای په‌سندكردنی بوودجه‌ به‌رزبۆته‌وه‌ و هه‌موو ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت كه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ رۆژانه‌ نرخه‌كه‌ی به‌رزونزمی به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ.

هه‌روه‌ها گوتیشی: له‌سه‌ر حكومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی پێویسته‌ به‌په‌له‌ كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نرخی دۆلار له‌به‌رامبه‌ر دیناری عێراقیدا سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه‌ ببینێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ بوودجه‌دا دیاریكراوه‌.

پێشتر سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوایكردبوو كه‌ حكومه‌ت مووچه‌ی سێ مانگی داهاتوو به‌دۆلار دابه‌ش بكات.

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ شێروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: دابه‌شكردنی مووچه‌ به ‌دۆلار كارێكی زۆر قورسه‌و ده‌بێته‌ هۆی نزمبوونه‌وه‌ی یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی و هیچ جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ دراوی ناوخۆیی نییه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی: دابه‌زینی به‌های دیناری عێراقی له‌به‌رامبه‌ر دۆلارو به‌رده‌وامی به‌رزو نزمییه‌كه‌ی چاوه‌ڕوانكرابووه‌و به‌م زووانه‌ جێگیر ده‌بێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ شاره‌زایانی بواری ئابووری پێشبینی ده‌كه‌ن  له‌رۆژانی كه‌می داهاتوودا نرخی 100 دۆلار به‌ربه‌ستی 148 هه‌زار دیناری عێراق تێناپه‌ڕێنێ و له‌داهاتووشدا له‌ژێر 150 هه‌زار دینار جێگیر ده‌بێت.

شایانی باسه‌ دوێنی نرخی 100 دۆلاری ئه‌مریكی له‌بازاڕه‌كانی دراو گه‌یشته‌ به‌رامبه‌ر به‌ 147 هه‌زار دیناری عێراقی.


وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار