هیلاكی و كه‌م خه‌وتن تووشبوون به‌كۆرۆنا زیاتر ده‌كات

ڕاگه‌یاندنی ته‌ندروستی سلێمانی بڵاویكردۆته‌وه،‌ به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕۆژانه‌ هیلاك ده‌بن و كه‌م ده‌خه‌ون دوو هێنده‌ مه‌ترسی تووشبوونیان به‌ڤایرۆسی كۆرۆنایان لێ ده‌كرێت به‌راورد به‌كه‌سانی دیكه‌.

ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن زانایانی كۆلیژی ته‌ندروستی گشتی له‌زانكۆی جۆنز هۆپكینزی ئه‌مریكی ئه‌نجام دراوه‌ و ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌ هیلاكی و كه‌م خه‌وتن ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونی كۆئه‌ندامی به‌رگری و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی تووشبوون به‌ نه‌خۆشیه‌كان له‌وانه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ هه‌ر سه‌عاتێكی زیاده‌ی خه‌وتن ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌كۆرۆنا له‌سه‌دا دوانزده‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌.

ئه‌و زانایانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه‌ له‌پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و به‌ریتانیا و ئه‌مریكا و ده‌ركه‌وتووه‌ له‌سه‌دا بیست و چواری ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی تووشی كۆرۆنا بوون شه‌وانه‌ كه‌م خه‌وتوون و ئه‌وانه‌شی به‌رده‌وام هیلاك بوون له‌كاتی تووشبوونیان به‌كۆرۆنا نیشانه‌كانیان توندتربووه‌ له‌وانه‌ی كه‌متر هیلاك بوون و تووش نه‌بوون.