وه‌زیری ئه‌وقاف: هاتنی پاپا بۆ کوردستان پەیامی ڕێزگرتن لە پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەییه‌

د. پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كارو باری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی هاتنی پاپا بۆ کوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: هاتنی پاپا بۆ کوردستان زۆر پەیام لەخۆ دەگرێت، پەیامی ڕێزگرتن لە پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و لە باوەشگرتنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان.


ئێمەی کوردستانیان کێشەی ژێردەستەیی و هەڕەشەی نیشتیمانی و نەتەوەییمان هەردەم هەبووە و هەیە، ئەو وڵاتانەی کە  کوردیان لەژێر دەستە هیچ کات درێغی ناکەن لە نانەوەی کێشەو پێشێلکردنی مافەکانمان، خۆیان نەتەوەی باڵادەست و خاوەن وڵاتن بەڵام کیانێکی سەربەخۆ بۆ ئێمە بە ڕەوا نابینن.

لەڕوی ئایینیشەوە پڕەنسیپەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پێکەوەژیان لە کوردستان زۆر باشتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەم وڵاتانەی کوردی تێدا دابەشکراوە.

هاتنی پاپا بۆ کوردستان زۆر پەیام لەخۆ دەگرێت، پەیامی ڕێزگرتن لە پێکەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و لە باوەشگرتنی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش فەزلێکە بۆ خوێن و خەباتی گەلەکەمان و مێژوو خەسڵەتەکانی تاک بە تاکی کوردستان و ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی و تەریقەت و پەیامی ئیسلامی ڕاستەقینە.

پەیامی دووەم نەبوونی توندڕەوی وکێشەی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان.

پەیامی سێیەم پاڵپشتیەکی سیاسیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان وە پاڵپشتی کردنی و پاراستنی لەلایەن هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە.

پەیامی چوارەم دڵفراوانی و خانەخوێیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام و ئایینەکانیترە، بۆیە زەرورە ئەوە ڕەنگ بداتەوە لە هاتنی هەر میوانێک بۆ هەرێمی کوردستان.