مستەفا کازمی له‌سه‌ر هێرشە موشەکییەکانی سەر سەربازگەی عەین ئەسەد هاته‌ ده‌نگ

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، هێرشە موشەکییەکانی ئەمڕۆی سەر سەربازگەی عەین ئەسەد هیچ پاساوێکیان نییە و لەژێر هیچ ناو ناونیشانێکدا قبوڵناکرێت، گوتیشی، کاریگەری لەسەر پێشکەوتنەکانی عێراق هەیە.

لەراگەیەنراوێکدا، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەکردوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ مستەفا کازمی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەرپەرشتی کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کرد و تێیدا ئاماژەی بە مەترسی هێرشە موشەکییەکانی ئەمڕۆی سەر عەین ئەسەد کرد و رایگەیاند: ئەو هێرشانە لەژێر هیچ پاساوێكدا قبوڵکراو نییە و جەختیشیکردەوە، ئەو هێرشانە زیان بەپێشکەوتنەکانی عێراق دەگەیەنن.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باس لەوەش کراوە ئەو هێرشانە لەسەروبەندی سەردانی مێژویی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و نیشاندانی روی جوانی پێکەوە ژیانی کولتوری و ئاینی لەعێراق زیانی گەورەی هەیە و کاریگەریی لەسەر دۆخی ئاسایشی ئەم وڵاتە دەبێت.

کازمی رایگەیاندووە، ئەو هێرشانە لەلایەن ئەو گروپ و دەستەو تاقمانەوە ئەنجام دەدرێن کە هیچ ئینتیمایەکی راستەقینەیان بۆ عێراق نییە، لەکاتێکدا عێراق لەهەوڵی زیادکردنی رۆڵ و پێگەی خۆی دایە لەبەدەستهێنانی ئاسایشی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی.

شایه‌نی باسه‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ بە 10 مووشەک بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کراوەتە ئامانج، کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکای تیادایە.