مەسرور بارزانی په‌یامێكی له‌باره‌ی گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژ به‌ کۆڕۆنا بۆ هه‌رێمی كوردستان بڵاوکردەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژ به‌ ڤایرۆسی کۆڕۆنا بۆ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند و تیایدا هاتووه‌:

خۆشحاڵم به‌ گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی ڤاكسینی دژ به‌ ڤایرۆسی کۆڕۆنا كۆڤید نۆزده‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، کە لە لایەن وڵاتی چینەوە بەخشراوە.سوپاسی کۆماری چین ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هاوكارییه‌ مرۆییە، كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ هەوڵەکانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان دژ به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ و پاراستننی پزیشكان و كارمه‌ندانی هێڵی پێشه‌وه. پاش په‌سه‌ندكردنی پلانی دابه‌شكردن، ڤاكسینه‌كان بۆ سه‌نته‌رەکانی دیاریكراو له‌ هەموو پارێزگاکان، دابین ده‌كرێت تاکو بدرێ به‌و گرووپانەی له‌ هێڵی پێشەوەن و مەترسییان لەسەرە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ، کار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڤاكسین و دڵنیابوون لە دابینکردنی بەشی هەرێم لەو بڕە ڤاکسینەی بە حکومەتی فیدراڵ دەدرێت، ئێمە لەگەڵ کۆمپانیا پێشەنگەکانی بەرهەمهێنانی ڤاکسین، ڕاستەوخۆ لە پەیوەندیداین بۆ بەدەستهێنانی ڤاكسینی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان. من  بەجیددی کار لە سەر ئەم بابەتە دەکەم و بەدواداچوون ده‌كه‌م بۆ دڵنیابوون لەوەی، هەر کوردستانییەک بە زووترین کات ڤاكسینی پێ بگات.بێگومان ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەڵام ده‌بێت ڤاكسین بۆ زیاتر له‌ شه‌ش ملیۆن هاووڵاتی هەرێم دابین بكه‌ین، حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئێستا كار له‌ سه‌ر ئەنجامدانی بەرنامەیەکی کوتانی گشتگیر بۆ دانیشتووانی هەرێم دەکات، كه‌ تیمی ته‌ندروستی و کارمەندانی هێڵی پێشه‌وه‌ی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان هەیە دەگرێتەوە. پاشان كوتانی زۆرترین ڕێژه‌ی هاووڵاتیان به‌پێی ته‌مه‌ن و ڕێنماییە دیاریکراوەکان دەست پێ دەکات . 

هیوادارین دوای ئەم قۆناغە، بتوانین بگەڕێینەوە سەر ژیان و گوزەرانی خۆمان و دۆخی ئابووریش گەشە بکاتەوە.من دڵنیام ده‌توانین باردۆخه‌كه‌ ئاسایی بکەینەوە، بەڵام بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەمە بکات، بۆیە دەبێت هاووڵاتییان بەگشتی، هاوکار و یارمەتیدەر بن و ڕۆڵی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا بگێڕن ، ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی پابەندبوون بە ڕێنماییه‌كانی تەندروستی و ڕێکارەکانی خۆپارێزی کە لە پێناو پاراستنی کۆمەڵگەیە بە گشتی.