لە هەولێر ستیکەر و بارکۆد لەسەر بەرهەمی مریشکی خۆماڵی کەوتەکار

دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ 2021.3.2، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدروشمی (بەرەو پاراستنی بەرهەمی ناوەخۆی) بەسەرپەرشتی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، مەراسیمی ناساندنی و دابینکردنی ستیکەر و بارکۆد لەسەر بەرهەمی سەربڕخانەی پەلەوەری المیاس لەپێناو پاراستنی بەرهەمی مریشکی خۆماڵی وەکو پاڵپشتی خاوەن پرۆژەکان و بەبازاڕکردنی لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لەمەراسیەمەکەدا، کەهەریەک لە بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و قائیمقامی ناوەند ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر لەووتارێکدا ڕایگەیاند: "بەناوی پارێزگای هەولێر وێڕای بەرز نرخاندنی ئەوکارەی کە ئەمڕۆ ئەنجامدەدرێت، دەست خۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار دەکەین کە هاوشان لەگەڵ پلان و بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەو ئامادەیی ئەوان دەبێتە بەشێکی گرنگ لە هێنانەدی ئامانجەکانی وەزارەت و حکومەت".

پارێزگاری هەولێر هەروەها ڕایگەیاند: "ئێمە لە پارێزگای هەولێر دڵنییای بە جەنابی وەزیر و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەدەین، بەشێکی گرنگ دەبین لەو هەڵمەتەی کە بەرە و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆییە، هەموو یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەولێر و قائیمقامیەتەکان و لێژنەکانی ڕادەسپێرین کە بەشێکین لەهەڵمەتەکە و خاوێنکردنەوەی ناوبازاڕەکانمان کە ڕۆژانە بەداخەوە لەسەردەم و قۆناغی جیاوازدا بەجۆرێک بووە قوربانی تێدادراوە و تەنها چەند کەسێکی بەرژەوندی خواز و پیسخۆر تێدا سودمەندبوونە، گەلێک جار لەناوکۆمەڵگای ئێمە باش لەو ڕاوبۆچوونانە دەگەیشتین کە خەڵک باسی لە کوالێتی و بەروبوومی قاچاغ و هاوردە لەشوینەکانی تر دەکرد، لەدەرەنجامیدا وێڕای زەرەرمەندبوونی هاوڵاتییان لە ڕووی ئابوریەوە لەباری تەندروستیشەوە کاریگەری لەسەر دروستی کۆمەڵگای ئێمە هەبوو".

پارێزگاری هەولێر وتیشی، "هەنگاوەکەی ئەمڕۆ بەشێکه‌ لەو هەڵمەتە گەورە نیشتیمانییەی کە دەستی پێکراوە و بەشێک دەبێت لە جێبەجێکردنی ئەو ئامانجەی دەست كة هەم وەزارەتی کشتوکاڵ و هەم حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیەتی، دووبارە وەکو پارێزگای هەولێر لەگەڵ هەموو وەزارەتەکان بە تایبەتمەندی کارەکانیان هاوکار و هەماهەنگ دەبین و داواکاریشن وەزارەتەکان بەهەمانجۆر لە تایبەتمەندی و گرنگی پایتەختەکەمان لەچوارچێوەی پڕۆژەکانیان ببنە بەشێک لە بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر".