د. ئارام محمد: ئاڵوگۆڕى زانستى لەگەڵ زانکۆکانى ئێران زیاتر پەرەپێدەدەین

وەزیرى خوێندنى له‌گه‌ڵ سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر كۆبووه‌وه‌

ئەمڕۆ سێشەمە ڕێکەوتى 2021/3/2 د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەمیانى پێشوازیکردنى لە (نه‌سروڵڵا رشنودى) سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر و وەفدێکى کونسوڵخانە.

لەو دیدارەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، سەر کونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەهەولێر ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى یەکێکە لە وەزارەتە گرنگ و پڕ بایەخەکان و وەک کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش ئامادەى سەرجەم هاوکارى و پشتیوانیەکین بۆ ئەم وەزارەتە. وتیشى: لەڕابردوو زۆرترین هاوکارى و بەرەو پێشچونمان لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا هەبوە، دەمانەوێت ئەم بەرەو پێشچون و هاوکاریانەمان بۆ ئاستێکى فراوانتر و بەرەو ئاڵوگۆرى زیاترى مامۆستاو خوێندکارو راهێنانى کادیران و پێگەیاندنیان ببەین.

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند کۆمارى ئیسلامى ئێران لە زۆر ڕەهەندەوە گرنگى و بایەخى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە، سەبارەت بە پەیوەندییە زانستییەکانى نێوان هەردوولاش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە دەمانەوێت هاوکارى و هەماهەنگیمان لەبوارى خوێندنى باڵا و پێشخستنى ئاستى زانستى و گۆرینەوەى ئاڵوگۆڕى ئەکادیمى و خوێندکارو مامۆستاکانمان لەگەڵ زانکۆکانى ئێران بەتایبەت بۆ گەشەپێدانى بوارە تەکنیکیەکان زیاتر پەرە پێبدەین.

سەبارەت بە زانکۆ باوەڕپێکراوەکان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: سیستەم و بەرنامەى خوێندن لە وڵاتى ئێران بۆ ئێمە گرنگە سودى لێ وەردەگرین و سیاسەت و بەرنامەشمان ئەوەیە پەرە بە پەیوەندییەکان بدەین، بۆیە تێگەیشتنى ئێمە ئەوەیە ئەو کەسانەى بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامە ڕوو لە وڵاتى ئێران دەکەن لە زانکۆ ئاست بەرزەکانى ئەو وڵاتە درێژە بەخوێندنى باڵا بدەن و لەو ڕێگەیەشەوە زیاتر گرنگى بە پەیوەندییەکانمان دەدەین.

لە بەشێکى ترى کۆبونەوەکەدا تاوتوێى چەند پرس و بابەتێکى پەیوەست بە پرۆسەى خوێندن و ئاستى گەشەسەندنى پەیوەندییەکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.