ئێران چوار به‌ندكراوی سیاسیی له‌سێداره‌دا

هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ شاری ئه‌هواز ناوه‌ندی پارێزگای خوزستان باشووری رۆژئاوای ئێران، چوار كه‌س به‌تاوانی "نانه‌وه‌ی پشێوی" له‌سێداره‌دراون.

ئاژانسی چالاكوانانی مافی مرۆڤی ئێران، هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، چوار كه‌س له‌ به‌ندینخانه‌ی سه‌پیدار له‌ شاری ئه‌هواز له‌سێداره‌دراون.

 له‌سێداره‌دراوه‌كان له‌ ساڵی 2017دا، به‌تۆمه‌تی په‌لاماردانی دوو بنكه‌ی ئاسایشی شاری ئه‌هواز ده‌ستگیركرابوون و دوای دادگاییكردنیان بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌ركرا.

دوای په‌سه‌ندكردنی بڕیاری له‌ سێداره‌دانه‌كه‌ له‌لایه‌ن دادگای باڵاوه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌، بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێكرا و زیندانییه‌كان دوای ئه‌وه‌ی بۆ كۆتاجار چاویان به‌ خێزانه‌كانیان كه‌وتووه‌، له‌سێداره‌دراون.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجڕاكێشانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو جۆره‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ به‌ندكراو، عه‌لی ماتیری كه‌ له‌ 28ی كانوونی دووه‌مدا له‌ سێداره‌درا، سێ له‌ چوار له‌سێداره‌دراوه‌كان له‌ مانگی كانوونی دووه‌مدا، لێوی خۆیان دووری بوو و مانگرتنیان له‌ خواردن راگه‌یاندبوو.

ژماره‌یه‌ك له‌ میدیای نزیك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران، هه‌واڵی ئه‌وه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و چوار كه‌سه‌ به‌تاوانی "چالاكی تیرۆریستی"یه‌وه‌ له‌سێداره‌دراون.

هه‌روه‌ها ئاژانسی هه‌واڵیی فه‌رمی ئێران "IRNA" هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ چوار له‌سێداره‌دراوه‌كان به‌ ناوی جاسم حه‌یده‌ری یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی رێكخراوی ئه‌لئه‌هوازییه‌ (بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتی عه‌ره‌بی بۆ زرگاركردنی ئه‌هواز) بووه‌ و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی نوسره‌-ی سووریا هه‌بووه‌.