خه‌زعه‌لی دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی داوای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق ده‌كات

قه‌یس خه‌زعه‌لی،ئه‌منداری گشتی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق سه‌ركۆنه‌ی به‌ئامانج گرتنی باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر سنووری عێراق سوریا ده‌كات.

خه‌زعه‌لی له‌توێتێكدا ده‌ڵێت: به‌ئامانج گرتنی باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی له‌سه‌ر سنووری عێراق سووریا ئیدانه‌ ده‌كه‌ین.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی تویته‌كه‌دا ده‌شڵێت: جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق تاكه‌ هۆكاره‌ بۆ به‌دیهاتنی سه‌قامگیری له‌عێراق.

پێشتر جۆن كیربی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا ، رایگه‌یاندبوو له‌و ھێرشه‌ی به‌ره‌به‌یانی دوێنێ هه‌ینی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا كردیانه‌ سه‌ر میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ شاری ئه‌لبوكه‌مالی سه‌ر سنوور له‌ سووریا، نۆ باڵه‌خانه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی خاپوور كردووه‌ و دوو باڵه‌خانه‌ش به‌ ته‌واوی زیانیان به‌ركه‌وتووه‌.

هه‌روه‌ها جێن پساكی، گوته‌بێژی كۆشكی سپی، ، ئاشكرایكرد  پێش ئه‌نجامدانی ھێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی به‌ره‌به‌یانی دوێنێ هه‌ینی سوپای ئه‌مریكا بۆ سه‌ر میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ سووریا، وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (Pentagon) زانیاری به‌ به‌رپرسانی كۆنگرێس داوه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌م ھێرشه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ھێرشه‌كانی عێراقه‌وه‌ ھه‌یه‌.