بارسێلۆنا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ئێڵچی تۆماركرد


لە یاریەكی دواخراوی هەفتەی یەكەمی خولی ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا دوای یەكسان بوونی لە گەڕی پێشوو، جارێكی دیكە گەڕایەوە سەر ڕێچكەی سەركەوتنەكان و بە سێ‌ گۆڵی بێ‌ بەرامبەر لە یانەی ئێلچی میوانی بردەوە.
 لە گێمی یەكەمدا هەردوو تیپ بێ‌ گۆڵ یەكسان بوون، لە گێمی دووەم و سێ‌ خولەك دوای فیكەی دەستپێكی ئەم گێمە لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی و ئەستێرەی بارسا گۆڵێكی بۆ تیپەكەی تۆماركرد، پاشان مێسی تۆپێكی لە فرینكی دی یۆنگی هۆڵەندی وەرگرت و بەربەستی بەرگریكاران و گۆڵپارێزی ئێلچی بڕی و گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەكەی لە خولەكی شەستونۆ بەدەستهێناو كۆی گۆڵەكانیشی لە پێشەنگی ڕیزبەندی گۆڵكارانی لالیگا گەیاندە هەژدە گۆڵ، هێندەی نەبردو چوار خولەك دواتر جۆردی ئەلبا دەرفەتێكی قۆستەوەو گۆڵی سێیەمی بلاوگڕانای تۆماركرد. 
بەم بردنەوەش بارسێلۆنا بە شێوەی كاتی سەركەوت بۆ پلەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەكان و كۆی خاڵەكانی گەیاندە پەنجا خاڵ، ئێلچیش بە بیستویەك خاڵ لە پلەی حەڤدەمی ڕیزبەند مایەوە .