له‌ماوه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا پشكی ھه‌رێمی كوردستان له‌ بوودجه‌ی 2021 یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌ ؟

شیروان میرزا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند كه‌ به‌م زووانه‌ شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی ھه‌رێم و لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت به‌ پشكی ھه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ی 2021، ده‌گه‌ن به‌ رێككه‌وتنی ھاوبه‌ش.

میدیاكانی عێراق بڵاویانكرده‌وه‌، شیروان میرزا له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ له‌ میانی دوو رۆژی داھاتوو، زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ به‌ ئامانجی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پشكی ھه‌رێمی كوردستان له‌ بوودجه‌ی 2021 ئه‌نجام ده‌درێت و گوتی: ناكرێت له‌وه‌ زیاتر ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ دوابخرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ھه‌موو بۆچوونه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ رۆژی پێنجه‌شممه‌ یان رۆژی شه‌ممه‌ی ھه‌فته‌ی داھاتوو، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ی 2021، ساز بكرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران زۆر نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ رێككه‌وتن و گوتی:پێشبینی ده‌كه‌م، به‌م زووانه‌ شاندی دانوستانكاری حكوومه‌تی ھه‌رێم و لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت به‌ پشكی ھه‌رێم له‌ پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ی 2021، بگه‌ن به‌ رێككه‌وتنی ھاوبه‌ش.