ئه‌مریكا: ئه‌و مووشه‌كانه‌ی ئاراسته‌ی هه‌ولێر كران له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ دروستكراون

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ئه‌و مووشه‌كانه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێردا بەکارهێنراون، له‌ ئێران دروستكراون و ئاماده‌ن له‌و باره‌یه‌وه‌ هاوكاری عێراق بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/2/2021 جۆن كێربی، وته‌بێژی و‌ه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌و مووشه‌كانه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر شاری هه‌ولێر به‌كارهێندراون دروستكراوی وڵاتی ئێرانه‌، تاران بۆ میلیشیا شیعه‌كانی نزیك له ‌خۆی ناردووه‌، بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كه‌ین.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئه‌مریكا ئاماده‌یه‌ هاوكاری عێراق بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر بۆ زانینی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییانه‌.

هه‌روه‌ها جۆن كێربی رایگەیاند: ئەمریكا لەو ئاڵۆزییە راناكات كە ئێران لە ناوچەكەدا دروستی كردووە.

شایه‌نی باسه‌ له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌، شاری هه‌ولێر به‌ 14 مووشه‌ك كرایه‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا 2 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 4ی دیكه‌ش برینداربوون.

هه‌روه‌ها شه‌وی رابردوو جارێكی دیكه‌ سێ مووشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا كران و مووشه‌كێك به‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا كه‌وت.