زیپكـه‌ی لاوێتی چیه‌

هۆی چیه‌ له‌ هه‌ندێ كه‌سدا زیپكه‌كان به‌ سۆترن ؟

 زیپكه‌: بریتیه‌ له‌ هه‌وكردنی چه‌وره‌سه‌لكه‌مووه‌كان(Pilosebaceous Follicles)، كه‌ سه‌ره‌ زیپكه‌ی سپی و ڕه‌ش comedons و ته‌نۆچكه‌ و كێم و گرێی به‌ ئازار دروست ئه‌بێ، له‌ هه‌ندێ باردا جێ زیپكه‌ و په‌ڵه‌ی ئه‌رخه‌وانی سور و ئاسه‌واری قوڵ به‌جێ ده‌مێنێت .. له‌ ته‌مه‌نی نزیك باڵق بوون كاتێ چه‌ورییه‌ ‌گلانده‌كان ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌ چالاكی و ھان ئه‌درێن له‌ لایه‌ن ھۆرمۆنی نێرینه‌-ئه‌ندرۆجینه‌وه‌ (كه‌ له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌زدا هه‌یه‌) زیپكه‌ش سه‌رهه‌ڵ ئه‌دات.

له‌ چ ته‌مه‌نێكدا باوه‌ ؟

نزیكه‌ی ٨٥% ی كوران و كچان له‌ ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاریدا كه‌م یا زۆر زیپكه‌یان بۆ دروست ئه‌بێ  ٥ % ی خه‌لكی تا ته‌مه‌نی ٤٥ سالی زیپكه‌یان به‌رده‌وام ئه‌بێ و پێویسته‌ له‌ ژێر چاودێری پزیشكی پێستدا بن.

هۆی چیه‌ له‌ هه‌ندێ كه‌سدا زیپكه‌كان به‌ سۆترن ؟

١-هۆكاری بۆماوه‌یی- Genetic Factor ٧٠% ی زیپكه‌ خێزانیه‌

٢- هۆرۆمۆنی ئه‌ندرۆجین؛ ئه‌میش چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه‌:

٭كاتێ چه‌وریه‌ گلانده‌كان پتر چالاك ئه‌بن، ده‌ردراوێكی چه‌ور ده‌رئه‌یه‌ن بۆ ناو پێست، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زیپكه‌یان ھه‌یه‌ له‌ كه‌سانی ئاسایی زۆر ھه‌ستیارترن بۆ ڕێژه‌ی ئاسایی ئه‌م هۆرمۆنه‌.

٭له‌ مێنینه‌دا؛ نه‌خۆشی فره‌كیسی هیلكه‌دان.

٭ گۆڕینی شوێن و كه‌ش و هه‌وا.

٭قه‌له‌قی و سترێس و خه‌ۆمكی هانده‌رێكی دیكه‌ن ..

3-به‌كتریای پرۆپیۆنیه‌م ئه‌كنی .. ئه‌م به‌كتیریا ئاسایی دوای ته‌مه‌نی ٢٠ سالی له‌سه‌ر پێست هه‌یه‌، به‌لام له‌وانه‌ی زیپكه‌یان هه‌یه‌ ده‌بێته‌ هۆی نه‌خۆشی و هه‌وكردنی پێست

4-داخرانی كونیله‌كانی چه‌وری؛ ئه‌مه‌ش دیسان هۆكاری بۆماوه‌یی و ده‌ره‌كی رۆلی تێیدا هه‌یه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی گه‌شه‌ی روپۆشه‌خانه‌ی سه‌ر كونی چه‌وری و داخستنی .. سه‌ره‌نجام چه‌وری له‌ناو سه‌لكه‌كاندا زۆره‌بێ و به‌كتریا كۆده‌بێته‌وه‌ و زیپكه‌ په‌یدا ئه‌بێ.

 

ئایا جۆری خواردن په‌یوه‌ندی به‌ زیپكه‌ی عازه‌به‌وه‌ هه‌یه‌؟

توێژینه‌وه‌كان ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه‌ كه‌ زیپكه‌ی عازه‌به‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به‌ جۆری خواردنه‌وه‌ نیه‌ .. ئه‌شێ هه‌ندێ جار نه‌خۆش ئه‌زمونی ئه‌وه‌ بكات كه‌ جۆرێك خواردن زیپكه‌كانی توندتر ئه‌كات، به‌لام قه‌ده‌غه‌كردنی خواردنێكی تایبه‌ت له‌و كه‌سانه‌ی زیپكه‌یان هه‌یه‌ بنه‌مایه‌كی زانستی نیه‌.

چاره‌سه‌ر:

-نابێ به‌ هیچ جۆرێ ده‌سكاری زیپكه‌كان بكرێ چونكه‌ ئه‌گه‌ری هه‌وكردن و جێهێشتنی ئاسه‌وار زیاده‌كات.

-به‌كارهێنانی ئاوی گه‌رم له‌گه‌ل سابون یا پاكه‌ره‌وه‌ی گونجاو بۆ لابردنی چه‌وری سه‌ر پێست (سابونی گۆگرد یان بینزویلپیرۆكساید-به‌ سودن

-له‌ڕێی كرێمی تایبه‌ت ئه‌توانرێ باری سووكی زیپكه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ: وه‌ك ریتینۆید .. ئه‌داپالین .. بینزۆیل پیرۆكساید .. شله‌ی كلیندامایسین و ئه‌زیلاك ئه‌سید ٢٠% و هتد .. (شێوازی به‌كارهێنانیان پزیشكی پێست دیاری ئه‌كات)

-له‌ڕێی خه‌پله‌ی دژه‌ به‌كتریا و ئایزۆترۆتینینۆین له‌گه‌ل كرێمی تایبه‌ت، ئه‌توانرێ باری مام ناوه‌ند و توندی زیپكه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ (ئه‌میش بری ده‌رمانه‌كه‌ پزیشكی پێست به‌ پێی پێویستی نه‌خۆشه‌كه‌ دیاری ئه‌كات)

-بۆ ئاسه‌واری زیپكه‌ ئه‌توانرێ له‌ڕێی: پلازما+دێرما پێن، كراندنی كیمیكی، له‌یزه‌ر .. چالی كه‌م به‌ چه‌ند جه‌لسه‌یه‌ك كه‌متر بكرێته‌وه‌ .

ئا / شةهلا رةشيد