بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆ: پڕۆژە یاسای خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ تەواو بووە


بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژەیاسایەكی تایبەت بە خانەنشینی ھێزەكانی ناوخۆ ئامادە كراوە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و رەوانەی پەرلەمان بكرێت، تا لەوێش دەنگی لەسەر بدەن و ئەوانیش پەسەندی بكەن.

دكتۆر سامی جەلال، به‌رێوه‌به‌ری گشتی وه‌زاره‌تى ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: وەكو وەزارەت، پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە تایبەت بە خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ و پڕۆژەكە تەواو بووە و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە، بۆ ئەوەی پەسەندی بكەن و رەوانەی پەرلەمانی بكەن بۆ دەنگدان و پەسەندكردن.

ده‌شڵێت: جارێ نامانەوێت باسی وردەكاریی پڕۆژەكە بكەین تاوەكو لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەكرێت، نەبادا گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و ھەر كاتێك پەسەند كرا، ئەوكات وردەكارییەكان روون دەبنەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە یاسایەكی تایبەت بە خانەنشینكردنی ھێزەكانی ناوخۆ دەردەكرێت.