ئه‌مریكا: ئیداره‌ی نوێی كۆشكی سپی هه‌ڵوێسته‌كانی به‌رامبه‌ر ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی ناگۆڕێت‌


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند: ئیداره‌ی نوێی كۆشكی سپی هه‌ڵوێستی له‌ باره‌ی سیاسه‌تی حزبوڵڵای لوبنان و ئێران ناگۆڕێت.

گێرئه‌لدین گریفیس گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند: ئیداره‌ی نوێی كۆشكی سپی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ڵوێستی له‌ باره‌ی سیاسه‌تی حزبوڵڵای لوبنانی ناگۆڕێت‌ و ئه‌و حزبه‌ له‌ڕیزی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان ده‌ناسێنێت.

گریفیس له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌ كه‌ناڵێكی ئه‌و وڵاته‌وه‌‌ رایگه‌یاندووه‌ واشنتۆن هه‌وڵده‌دات سنوورێك بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ لوبنان و یه‌مه‌ن دابنێت.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌مریكاوه‌ گرنگه‌ له‌ لوبنان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی نوێ بتوانێت وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی گه‌لی لوبنان بداته‌وه‌ و چاكسازی بكات و ئه‌و بڕیاره‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گه‌لی لوبنان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا هه‌وڵده‌دات پشتیوانی زیاتری لوبنان بكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ ئابوورییه‌كان و مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا ببێته‌وه‌.