له‌ هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردوودا 12 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی كوژراون و 15 دیكه‌ش برینداربوون

له‌ ئاكامی ھێرشێكی چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سه‌ر لیوای 22ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین، 12 سه‌ربازی حه‌شدی شه‌عبی كوژران كه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربه‌و لیوایه‌ش له‌ نێو كوژراوه‌كان دایه‌.

به‌پێی ئه‌و ھه‌واڵانه‌ی كه‌ له‌ میدیاكانی عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، رێكخراوی تیرۆریستی داعش له‌ رۆژھه‌ڵاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددین ھێرشی كردووه‌ته‌ سه‌ر لیوای 22ی حه‌شدی شه‌عبی.

له‌ ئاكامی ھێرشه‌كه‌دا، 12 سه‌ربازی حه‌شدی شه‌عبی كوژراون كه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی به‌ ناوی ئه‌بو عه‌لیا حه‌سناوی-یش له‌ نێو كوژراوه‌كان دایه‌، ھاوكات 15 سه‌ربازیش برینداربوون. 

ئه‌م ھێرشه‌ی داعش دوای دوو رۆژ له‌و دوو كرده‌ خۆكوژییه‌ دێت كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ته‌یه‌ڕان ناوه‌ڕاستی به‌غدا روویاندا و به‌ھۆیه‌ 32 كه‌س كوژران و 110ی دیكه‌ برینداربوون.

رۆژی ھه‌ینی، له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی ھێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، مسته‌فا كازمی و به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراق، فه‌ریقی یه‌كه‌می روكن عه‌بدولوه‌ھاب ساعدی ئۆپه‌راسیۆنێكی فراوان له‌ژێر ناوی "تۆڵه‌ی شه‌ھیدان" ده‌ستی پێكرد.