وۆڵ ستریت جۆرناڵ  : نزیكه‌ی 200 پاسه‌وانی به‌شدار له‌ رێوڕه‌سمی سوێند خواردنی بایدن تووشی كۆرۆنا بوون

پشكنینی كۆرۆنای نزیكه‌ی 200 پاسه‌وانی به‌شدار له‌ مه‌راسیمی سوێند خواردنه‌كه‌ی جۆ بایدن، پۆزه‌تیڤ ده‌رچوو.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ و له‌ كاتی هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی 46مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن نزیكه‌ی 26 هه‌زار پاسه‌وان ئاسایشی واشنتۆن-یان پاراست.

به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی "ووَڵ ستریت جۆرناڵ" كه‌ پشتی به‌ لێدوانی چه‌ند به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا به‌ستووه‌، نزیكه‌ی 200 له‌و پاسه‌وانانه‌ی ئه‌و رۆژه‌ له‌ ئه‌ركدابوون، تووشی كۆرۆنا بوون.

ئه‌و به‌رپرسانه‌ گومان ده‌كه‌ن، هۆكاری توشبوونی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی سه‌رباز بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و شوێنانه‌ له‌ ئه‌ركدابوون، مه‌رجه‌كانی خاوێنی و دووره‌په‌رێزی كۆمه‌ڵایه‌تی تیایاندا له‌به‌رچاو نه‌گیراوه‌ و دواتریش په‌تاكه‌ له‌ ناویاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی رێوڕه‌سمی سوێندخواردنه‌كه‌ی جۆ بایدن هه‌زاران پاسه‌وان له‌ ده‌ره‌وه‌ی واشنتۆن-ه‌وه‌ هاتبوون بۆ ئه‌و شاره‌ و به‌هۆی زۆری ژماره‌كه‌شیانه‌وه‌ شه‌وان له‌ ناو گه‌راج و راڕه‌وه‌كانی كۆنگرێس له‌سه‌ر زه‌وی ده‌خه‌وتن.

بڵاوبوونه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.