ژماره‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كانی به‌غدا گه‌یشته‌ 101 كه‌س

سوپای عێراق رایگه‌یاند كه‌ ژماره‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كانی ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خت به‌رزبووه‌ته‌وه‌ بۆ 28 كوژراو و 73 بریندار.

له‌مباره‌یه‌وه‌ گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ ھاوبه‌شه‌كانی عێراق، لیوا ته‌حسین خه‌فاجی له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا دوایین ئاماری تایبه‌ت به‌ ژماره‌ی قوربانیانی ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كانی ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خت راگه‌یاند و گوتی: " ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ ئاكامی دوو ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كه‌ی گۆڕه‌پانی ته‌یه‌ران ناوه‌ڕاستی به‌غدا كوژراون، به‌رزبووه‌ته‌ بۆ 27 كه‌س و ژماره‌ی قوربانییه‌كانیش گه‌یشتووه‌ته‌ 73 كه‌س".

پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌غدا، عه‌مید حازم عه‌ززاوی رایگه‌یاندوو كه‌، دوو ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژی یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌ گۆڕه‌پانی ته‌یه‌ران ناوه‌ڕاستی به‌غدای پایته‌خت روویانداوه‌.

لای خۆیه‌وه‌ گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی ھێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق، لیوا یه‌حیا ره‌سول رایگه‌یاندبوو كه‌ دوو خۆكوژه‌كه‌ له‌ ئاكامی راوه‌دوونانیان بۆ ھه‌وڵی ده‌ستگیركردنییان له‌لایه‌ن ھێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌، له‌ گۆڕه‌پانی ته‌یه‌ران ناوه‌ڕاستی به‌غدا خۆیان ته‌قانده‌وه‌.

تا ئێستا ھیچ لایه‌نێك به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له‌ ئه‌نجامدانی ته‌قینه‌وه‌كانی به‌غدا رانه‌گه‌یاندووه‌.