تره‌مپ له‌ ئاماده‌كاریدایه‌ بۆ دروستكردنی پارتێكی نوێ

ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ ،سه‌رۆكی ئه‌مریكا، له‌م رۆژانه‌ی دواییدا له‌گه‌ڵ كه‌سه‌ نزیكه‌كانیدا باسی دروستكردنی پارتێكی سیاسی نوێی كردبێت.

وۆڵ ستریت جۆرنال​​​​​​​ به‌ پتشبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌كانی نزیك له‌م بابه‌ته‌ بڵاوی كرده‌وه‌ دۆناڵد تره‌مپ كه‌ ئه‌مڕۆ كۆشكی سپی جێ ده‌هێڵێت له‌ ئاماده‌كاریدایه‌ بۆ دروستكردنی پارتێكی نوێ.

سه‌رچاوه‌كان بۆ رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌ كه‌ تره‌مپ له‌م رۆژانه‌ی دواییدا له‌گه‌ڵ كه‌سه‌ نزیكه‌كانیدا تاوتوێی ئه‌مه‌ی كردووه‌ و ناوی پارته‌كه‌ش "پارتی پاتریۆت (نیشتمانپه‌روه‌ر)" ده‌بێت.

دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ لایه‌نگرانی دۆناڵد تره‌مپ هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر كۆنگرێسی ئه‌مریكا، تره‌مپ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی پارته‌كه‌ی كه‌ پارتی كۆمارییه‌ كه‌وته‌ كێشه‌.