ته‌ندروستی هه‌ولێر: به‌ پابه‌ندبوونی هاووڵاتییان به‌ رێنماییه‌كان ژماره‌ی تووشبووانی كۆرۆنا كه‌متریش ده‌بێته‌وه‌

گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر رایگه‌یاند حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌.

دكتۆر بژار مووسا گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی هه‌ولێر تایبه‌ت به‌ كوردستان تیڤی رایگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ڕۆژانه‌ سه‌رووی هه‌زار سامپڵی كۆرۆنا له‌ هاووڵاتییان وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ ژماره‌ی تووشبووان به‌ په‌تای كۆرۆنا كه‌میكردووه‌ بۆیه‌ كارده‌كه‌ین بۆ كردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی دیكه‌ی نه‌خۆشییه‌ جۆراوجۆره‌كان و داخستنی چه‌ند به‌شێك له‌ تایبه‌ت كرابوو به‌ تووشبووانی كۆرۆنا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی به‌ پابه‌ندبوونی هاووڵاتییان به‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی، ژماره‌ی تووشبووانی په‌تای كۆرۆنا كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.

شایه‌نی باسه‌ ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند:  43 كه‌سی دیكه‌ له‌شاره‌كانی هه‌رێم تووشی كۆڕۆنا بوون، 2 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و 977 كه‌سیش چاكبوونه‌ته‌وه‌.