ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی: سەردان و دیدارەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەرهەمدار بوون


 ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بۆ دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە بەغدان، رایگەیاند كە سەردان و دیدارەكانیان بەرهەمدار بوون و لەو سەردانەدا گەیشتوونەتە لێكتێگەییشتن و بڕوای هاوبەشی سیاسی سەبارەت بە كۆی گشتیی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێداویستییەكانی چاكسازیی بنەڕەتی.

جەعفەر ئێمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە هاوكات ئەندامی شاندی دانوستانكاریشە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، لە پۆستێكیدا، كە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، رایدەگەیەنێت: لەمیانی دیدار و چاوپێكەوتنەكانمان لەم هەفتەیەدا وەكو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ زۆربەی لایەنە سیاسییە عیراقییەكان لە بەغدا گەیشتینە لێكتێگەییشتن و بڕوایەكی هاوبەشی سیاسی سەبارەت بە كۆی گشتیی پرۆسەی سیاسی و بابەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێداویستییەكانی چاكسازیی ریشەیی.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ هەروەها باسمان لەو پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵ كرد، كە بەردەوام كۆسپ و تەگەرەی دێتە پێش و پێویستیی پەلەكردن لە چارەسەركردنی ئەو كۆسپ و تەگەرانە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتیمانی و پێداویستییەكانی سازان و پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی.

ده‌شڵێت، كە هەرێمی كوردستان لەوەتەی لە ساڵی 1992 و پێش بونیادنانەوەی عێراقی فیدراڵی دامەزراوە، هیچ رۆژێك درێغی نەكردووە لە جێبەجێكردنی ئەركی سەرشانی بەرامبەر بە حكوومەتی فیدراڵ، بەڵكو رۆڵێكی پێشەنگ و تەواوكەر و میحوەریی بینیوە لە بواری ئەمنی و سەربازی و مرۆیی و فریاگوزاری بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتی فیدراڵ، چ لە بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە قاعیدەوە تا دەگاتە لەناوبردنی داعش، یاخود داڵدەدان و لەخۆگرتنی ملیۆنان پەنابەری هەڵاتوو لە دڕندەیی داعش و تیرۆریستان.

جەعفەر ئێمینكی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات ، كه‌ هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە و باشی لە بواری بونیادنانەوە و ئاوەدانیدا ناوە، كە ئەویش دەبێتە هۆی بەهێزكردنی پێگەی عێراق لەنێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، ئاماژەی بەوەش دا كە لەم چاوپێكەوتنانەدا جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم قۆناغە هەستیارە و ئەركی سەرشانی هەمووانە بەرپرسیارەتی مێژوویی بگرنە ئەستۆ و دوور بكەونەوە لە بابەت و پرسە لاوەكییەكان و ورووژاندنی رق و كینەی چینایەتی و لایەنگرایەتی، هەروەها وازهێنان لە هەڵمەتەكانی رقلێبوونەوە و شێواندن و ناشیرینكردنی بەرامبەر، كە زیان بە هەموولایەك دەگەیەنێت، بەڵكو دەبێ هەموو لایەك لەجیاتی ئەوە، بیر لە بەرژەوەندیی گشتی و پرسە نیشتیمانی و ستراتیژییەكان بكەنەوە، كە پێگەی عێراق لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەهێز دەكات.