ڤیان سه‌بری: چه‌ندین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند: چه‌ندین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رێك هه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ بۆ سێ مانگ دواده‌خرێت.

له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق له‌ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو، دكتۆر ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ كوردستان تیڤی رایگه‌یاند: چه‌ندین به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌یه‌ له‌وانه‌ش نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و كه‌موكوڕی له‌ ڕێژه‌ی یاسایی دادگای فیدڕاڵی و كه‌می ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ تۆماركردنی هاوپه‌یمانی و لیست و قه‌واره‌كان دانراوه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ كێشه‌ بۆ كۆمسیۆن دروستبكات.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشبینی كرد كۆمسیۆن نه‌توانێت بۆ رێككه‌وتی شه‌شی حوزه‌یران ئاماده‌كارییه‌كان ته‌واوبكات و هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی خۆیدا ئه‌نجامبدرێت و هه‌ڵبژاردنه‌كان سێ مانگ دواده‌خرێت و له‌ مانگی ئه‌یلول ئه‌نجامده‌درێت.

گوتیشی به‌ر له‌ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ شه‌ست ڕۆژ پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئێستا هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ پاشان به‌ پێی یاسا سه‌رۆك كۆمار كۆمسیۆن راده‌سپێرێت بۆ دیاریكردنی رۆژی هه‌ڵبژاردن.
 
بڕیارە لە 6ی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.