پڕۆژه‌ یاسای دوورخستنه‌وه‌ی تره‌مپ له‌ پۆسته‌كه‌ی په‌سه‌ند كرا

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد كه‌ داوا له‌ پێنس ده‌كات تره‌مپ له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور بخاته‌وه‌.

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا، ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی په‌سه‌ند كرد كه‌ داوا له‌ جێگری سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی، مایك پێنس ده‌كات 25هه‌مین مادده‌ی هه‌مواركراوی ده‌ستوور به‌كاربهێنێت و سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ له‌ پۆسته‌كه‌ی دوور بخاته‌وه‌.

دیموكراته‌كان له‌ ئه‌مریكا، یه‌كه‌م هه‌نگاویان هه‌ڵنا بۆ دوورخستنه‌وه‌ی تره‌مپ له‌ ده‌سه‌ڵات كه‌ به‌ به‌رپرسیاری هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر كۆنگرێسی ده‌زانن له‌ شه‌شی كانوونی دووه‌مدا.

به‌ هێنانه‌ رۆژه‌ڤی پرۆژه‌ یاساكه‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، دیموكراته‌كان داوایان له‌ جێگری سه‌رۆك، مایك پێنس كرد 25هه‌مین مادده‌ی هه‌مواركراوی ده‌ستوور به‌كاربهێنێت و، تره‌مپ له‌ كاره‌كه‌ی دووربخاته‌وه‌.

به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌ بدرێت، پێنس نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، نانسی پیلۆسی كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ 25هه‌مین مادده‌ی هه‌مواركراوی ده‌ستوور به‌كار ناهێنێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌نگدانه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران جگه‌ له‌ ده‌نگدانێكی رۆتینی هیچ واتایه‌كی دیكه‌ی نییه‌.

له‌ به‌شی مشتومڕی پرۆژه‌ یاساكه‌دا، دیموكراته‌كان به‌ توندی ره‌خنه‌یان له‌ تره‌مپ گرت، كۆماریخوازه‌كانیش باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ته‌نیا كێشه‌ی دیموكراته‌كان رزگاربوونه‌ له‌ تره‌مپ.

له‌ میانی ده‌نگدان به‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ 223 نوێنه‌ر به‌ به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ دا، 205 نوێنه‌ریش به‌ نه‌خێر. ته‌نیا یه‌ك نوێنه‌ری كۆماریخوازه‌كان به‌ به‌ڵێ ده‌نگی به‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ دا.

ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێر مۆڵه‌ت ده‌داته‌ پێنس بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ كۆنگرێس له‌باره‌ی دوورخستنه‌وه‌ی تره‌مپ له‌ ده‌سه‌ڵات.