وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن له‌ ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان قبوڵكراو نییه‌ و ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌

شۆڕش ئیسماعیل ،وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، پڕۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و كۆچی زۆره‌ملێی دانیشتووانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌ستیپێكردووه‌ .

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌،  كه‌ شۆڕش ئیسماعیل پێشوازیی له‌ به‌رپرسی كاروباری سیاسیی بۆ ناوچه‌ ناكۆكان له‌ كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ ھه‌ولێر، تۆم ھاید، و شاندێكی یاوه‌ری كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌رپرسی كاروباری سیاسیی له‌ كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌ خراپی دۆخی كوردنیشینانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ھه‌رێم ئاگادارن و ده‌یانه‌وێت رۆڵی خۆیان ببینن له‌ ھێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و پاراستنی ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان له‌و ناوچانه‌دا.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا‌ رایگه‌یاندووه‌: عه‌قڵییه‌تی شۆڤێنیی ھه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن وایكردووه‌، پڕۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و كۆچی زۆره‌ملێی دانیشتووانی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی ھه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ترسیدار ده‌ستیپێكردووه‌ و، ئه‌مه‌شمان گه‌یاندووه‌ته‌ به‌رپرسانی سوپای عێراقی له‌و ناوچانه‌، كه‌ رێگربن و رێگه‌ نه‌ده‌ن كارو كرده‌وه‌ی له‌جۆره‌ به‌رده‌وام بێت.

هه‌ر له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، شۆڕش ئیسماعیل روونیكردووه‌ته‌وه‌: گه‌لی كوردستان و حكوومه‌تی ھه‌رێم ھه‌میشه‌ پارێزه‌ری بنه‌ماكانی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه‌ و پێكھاته‌ جیاوازه‌كان بووه‌، له‌ماوه‌ی رابردووشدا به‌ھۆی بوونی ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌و ناوچانه‌ رێگه‌ له‌و عه‌قڵییه‌ته‌ گیراوه‌ و، ته‌واوی پێكھاته‌كان به‌ كورد، عه‌ره‌ب، توركمان و مه‌سیحیه‌كان و ته‌واوی نه‌ته‌وه‌كان  پارێزراوبوون، جگه‌ له‌ سه‌لامه‌تی ئاسایشی و سه‌قامگیری ئه‌و ناوچانه‌".

راشیگه‌یاندووه‌: "به‌پێی ده‌ستووری عیراقی، نابێ و ناكرێ سوپای نوێی عیراقی لایه‌نداری و ده‌ستوه‌ردان له‌م پرسه‌دا بكات".

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ داوایكردووه‌، وه‌ك به‌ریتانیا ھاوشان له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤ رۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ راگرتنی ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی له‌ دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كرێت، كه‌ په‌یوه‌ندی برایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی له‌مێژینه‌ی نه‌ته‌وه‌ و پێكھاته‌ جیاجیاكانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.