لە ماوەی 5 رۆژدا مووچەی سەرجەم دام و ده‌زگاكان دابەش دەكرێت


 ھێڤیدار ئەحمەد جێگری سه‌رۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت،  لە چوارچێوەی چاكسازییەكان، نزیكەی 500 ملیۆن دینار دەگەڕێندرێتەوە خەزێنەی حكومەت. 
ھێڤیدار ئەحمەد ده‌شڵێت، لە كۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدرێت و بڕیاریشە ئەم مانگە لە ماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش بكرێت.

  ھێڤیدار ئەحمەد جێگری سه‌رۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: لە یاسای چاكسازی زوڵم لە كەس ناكرێت ھەموو خەڵك ھەقی خۆی وەردەگرێت.

وتیشی ، لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی و پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران و خانەنشینان بە دوو قۆناغ، نزیكەی 500 ملیۆن دینار بۆ خەزێنەی حكومەت دەگەڕێتەوە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌یی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: كه‌یاسای چاكسازی تەنیا بۆ ئێستا نییە، راستە ئێستا دۆخی دارایی خراپە، بەڵام ئەو یاساییە بۆ ھەموو كات دادپەروەری فەراھەم دەكات و مافی كەس ناخورێت.

 ھێڤیدار ئەحمەد جێگری سه‌رۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان راشیگه‌یاند، لە قۆناغی داھاتوودا كار لەسەر لیستی ئەو كەسانە دەكرێت كە بە پلەی وەزیری خانەنشین كراون ئەوانە دوو بەشن، ھەیانە بەھۆی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، لە بەرامبەر خزمەت و خەباتەكەیان پلەی باڵایان پێدراوە، لەگەڵ ئەوانیش خەڵكی دیكە ئەو پلەیان پێدراوە، ئەو بابەتە دەبێ راستبكرێتەوە، ھەروەھا ئەوانەی كۆشك و تەلاریان ھەیە و مستەشار بوونە دەبێ مووچەكانیان ببڕدرێ.

سەبارەت بە دابەشكردنی وادەی مووچە،  هێڤیدار ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: لە كۆبوونەوەی سبەی چوارشه‌ممه‌، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەبارەی دابەشكردنی مووچە دەدرێت، بڕیارە لە ماوەی پێنج رۆژدا مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكان دابەش بكرێت. بەپێی زانیارییەكانی من حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوێت یان نا، مانگانە مووچە بەپێی داھاتی بەردەست دابەش دەكات.