جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق: پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ رێككه‌وتنامه‌ی شنگال جێ به‌جێ بكرێت


رۆژی دووشەممە رێککەوتی 2021/1/11، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی کرد لە هۆڵی دەستووری ئەنجومەنی نوێنەران، بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، کۆچ و کۆچبەران و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە  خاتوو ئیڤان فائق جابر وەزیری کۆچ و کۆچبەران و کادیرە پلە باڵاکانی وەزرارەت تێیدا بانگهیشت کرابوون، بابەتی ئاوارەکان و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ژیان و تەندروستییان لە نێو کەمپەکان و پشتیوانی هەوڵەکان بۆ سەرلەنوێ ئاوەدان کردنەوەی شارە ئازادکراوەکان و کار ئاسانی کردن بۆ گەڕانەوەیان تاوتوێ کرا.
دکتۆر بەشیر حەداد لە گوتەیەکدا رایگەیاند''پێویستە بارودۆخی سەختی ژیانی ئاوارەکان باشتر بکرێت، و پێویستمان بە ئیرادەیەکی سیاسی و هەوڵێکی جديى حکومی هەیە بۆ داخستی ئەو دۆسیەیە کە لەوانەیە دواکەوتنی چارەسەرکردنی ببێتە هۆی دروست بوونی کێشەی ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.''
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەشی بەوەدا، کە بوونی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات، دەبێتە هۆی دروست بوونی گۆڕانی دیمۆگرافی و سەرهەڵدانی هزرى تیرۆرستی لە وڵات. 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا حەداد داوای جێبەجێکردنی هەرچی زووتری رێککەوتنامەی شنکالى کرد، کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کراوە، و داواشی کرد برى زیاتر لە بودجەی ساڵی 2021  بۆ بابەتی ئاوارەکان تەرخان بکرێت و هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر بکرێت بۆ کارکردن بە ئامانجی هەرچی زووتر گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆیان.
لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، گوێبیستی روونکردنەوە و کار و رێنماییەکانی لیژنەی هاوبەشی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، کۆچ وکۆچبەران و لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بوو کە لە سەر راسپاردەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران پێکهێنرابوو.