له‌پاڵه‌وانێتی ئه‌بوزه‌بی كچه‌ یاریزانی ئۆكراینی ئیلینا سڤیتۆلینای ئۆكراینی سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر ڤێرا زڤۆناریڤای ڕوسی تۆماركرد

له‌ درێژه‌ی ڕكابه‌ریه‌كانی پاڵه‌وانێتی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌بوزه‌بی ئیمارات له‌ یاری تێنسی سه‌رزه‌وی له‌ ئاستی خانمان و له‌ قۆناغی دووه‌می پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا، كچه‌ یاریزانی ئۆكراینی ئیلینا سڤیتۆلینا به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له‌ ڤێرا زڤۆناریڤای ڕوسی برده‌وه.
ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كان شه‌ش چوار، شه‌ش یه‌ك بوو، به‌م بردنه‌وه‌ش سڤیتۆلینای پۆلێنكراوی پێنجه‌می ڕیزبه‌ندی كچه‌ تێنسزانانی جیهان گه‌یشته‌ قۆناغی سێیه‌م و له‌م قۆناغه‌ش ڕووبه‌ڕووی ئیكاترینا ئه‌لیكساندرۆڤای ڕوسی ده‌بێته‌وه.
 له‌ یاریه‌كی دیكه‌شداو هه‌ر له‌ قۆناغی دووه‌م، ئه‌ناستازیا گاسانۆڤای ڕوسی به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ وه‌ڵام و به‌ئه‌نجامی شه‌ش دوو، شه‌ش چوار سه‌ركه‌وتنی له‌به‌رامبه‌ر كارۆلینا پلیسكۆڤای چیكی تۆماركردو بلیتێكی قۆناغی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا.
 لای خۆشیه‌وه‌ گاربین موگوروزای ئیسپانی و پۆلێنكراوی پازده‌می ڕیزبه‌ندی جیهان به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له‌ ئه‌لیكساندرا ساسنۆڤیچی بیلاڕوسی و پۆلێنكراوی نه‌وه‌ده‌مینی ڕیزبه‌ندی جیهانی برده‌وه‌و خۆی گه‌یانده‌ قۆناغی سێیه‌م، له‌م قۆناغه‌ش موگوروزای ته‌مه‌ن بیستوحه‌وت ساڵ ڕووبه‌ڕووی ماریا ساكاری یۆنانی ده‌بێته‌وه‌ .