وەزارەتی کشتوکاڵ ستیکەرو بارکۆدو لۆگۆ لەسەر بەرهەمە خۆماڵییەکان دەدات

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  پرۆژەیەکی تایبەت بە دانانی(ستیکەرو بارکۆد و لۆگۆی وەزارەت لەسەر بەرهەمە خۆماڵیەکان) وەکو هەنگاوێکی تری گرنگ پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی(مرشیک و پارچەکانی) دەکات، لەڕێگەی  بەفەرمی ناساندنی سەربڕ خانەکانی کوردستان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق.

ئەمڕۆ ڕێکەوتی 5/1/2021 بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت، بەڕێوەبەری گشتی دیوان، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری، بەڕێوەبەری گشتی پلاناندن،

کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ خاوەن پرۆژەی (سەربڕخانەکانی مریشک و پارچەکان) بەڕێوەچوو.

لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوەخۆ و بەگەڕ خستنەوەی سەربڕخانەکان و بەرهەمەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق و جیاکردنەوەی لە بەرهەمی هاوردەکراوی بەشێوەیەکی نایاسایی.

کە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەڕێگەی پرۆژەیەکی فراوان لەگەڵ کۆمپانیایەک کە ئامادەکاریی و ڕێکارە یاساییەکانی گرتۆتە بەر بۆ مەبەستی بەکرداری کردنی دانانی، ستیکەر وبارکۆد و لۆگویی تایبەتی لەسەر بەرهەمی خۆماڵی سەربڕخانەکان.

بۆ ئەوەی لەمەودوا هاونیشتیمانیان بتوانن بە کوالێتی زۆرباش و نرخی گونجاو بەرهەمی خۆماڵی گوشتی مریشک و پارچەکانی بەردەست بکەن.

هەر لەو سیستەمەدا هاوڵاتیان بە ڕێگەی سەیرکردنی سیستم و بارکۆدەکان هەر ڕەخنەیەکیان هەبێ لە بارەی کوالێتی و نرخەکان دەتوانن ڕاستەوخۆ  بیگەێنە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.

هەروەها بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەڵێنی دا کە بۆ چارەسەری کێشەکان و ناساندنی دانانی ئەو ستیکەرو بارکۆدانە لەسەر بەرهەمی (١٠) سەربڕخانەکانی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆببێتەوە.

بۆ ئەوەی متمانە بەو بەرهەمانەبکرێت وەکو بەرهەمی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان و ڕێگری نەکرێت لە چوونی ئەو بەرهەمە ناوەخۆییانە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

دواتر وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  جەختیکردەوە لەسەر هەنگاوەکانی قەدەغەکردنی هێنانی مریشک بۆ ناوەوەی هەرێمی کوردستان بە شێوازی نایاسیایی و گرتنەبەری ڕێکارەکانی سەرپێچی کردن.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکە بڕیاردرا کە لەڕێگەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە گشتاندن بکرێ بۆ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، کە پێویستە  بەرهەمی سەربڕخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بەکاربێنن.