وه‌زیری نه‌وتی عێراق پاڵپشتی له‌ پلانی كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رھه‌مھێنانی نه‌وت ده‌كات

ئیسحان عه‌بدولجه‌بار ، وه‌زیری نه‌وتی عێراق، رایگه‌یاند كه‌ پاڵپشتی له‌ پلانی وڵاتانی ئۆپێك پڵه‌س ده‌كه‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رھه‌مھێنانی نه‌وت له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، ئیحسان عه‌بدولجه‌بار له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی چاودێری وه‌زاری سه‌ربه‌ ئۆپێك پڵه‌س راگه‌یاندووه‌، رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئۆپێك پڵه‌س سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رھه‌مھێنان، بووه‌ته‌ ھۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ھه‌روه‌ھا سه‌قامگیری نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیھاندا.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌یشدراوه‌ كه‌ ھه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌زیری نه‌وتی عێراق، ئیسحان عه‌بدولجه‌بار باس له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ وڵاتانی ئۆپێك پڵه‌س به‌دواداچوون بۆ پێشھاته‌كانی بازاڕی نه‌وت ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پلانی گرنگ بۆ سه‌قامگیری نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كاندا دابنێن.