مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ره‌خۆشی له‌خانەوادەی كاكەڕەش نەقشبەندی دەكات


 مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسەنامەیەكی ئاراستەی خانەوادەی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر(كاكەڕەش نەقشبەندی) كرد، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

بەڕێزان خانەوادەی كەسایەتی نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر(كاكەڕەش نەقشبەندی)

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتی و كادیری دێرین و هەڤاڵی تێكۆشەر(كاكەڕەش نەقشبەندی)مان پێگەیشت،  بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەس وكاری ھەڤاڵ و ھاوکارانی خوالێخۆشبوو و بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و خۆمان بە هاوبەش و شەریكی خەمتان دەزانین.

خوالێخۆشبوو كەسایەتیەكی ناسراو و كادیرێكی دێرینی پارتیمان و، پەروەردەی خانەوادە و بنەماڵەیەكی نیشتیمانپەروەر بوو، هەروەها لە بواری یاسایی دا یاساناس و هەمیشە داكۆكی لە مافی پارێزەران و  خزمەتی زۆری ئەو بوارەی كردووە، پاش دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین بەرپرسیاریەتی حزبی و حكومی پێ سپێردابوو كە توانی سەركەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامیان بگەیەنێ لەوانە: ئەندامی خولی یەكەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆكی سەندیكای پارێزەران بوو.

هیواخوازین هاوخەمیی هەڤاڵانی و هاوپیشە و دۆستانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.

دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای هەڤاڵی كۆچكردوومان بەهەشتی بەرین بێت...

 

انا للە وانا الیە راجعون

 

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٨ـی١٢ـی٢٠٢٠