بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك.. له‌خه‌می ئازاری زیندان و بێ كه‌سیدا..!

تاقه‌تم چوو ئاره‌قی گه‌ردنت به‌زوڵفان ون مه‌كه‌

تا له ‌ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن ڕێی نه‌بوو بكات سڵاو

گه‌ر گیرام و كه‌وتمه‌ زیندان وه‌ك ئاوری ئاو پیا كراو

رۆژی سێ شه‌ممه‌ (1/12/2020) یه‌كێك له‌هاورێ ئازیزه‌كانم له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك گۆرانییه‌كی تازه‌ ده‌ركه‌وتووی بلیمه‌ت و هونه‌رمه‌ندی نه‌مر ( حه‌سه‌ن زیره‌ك) ی بۆ ناردم، ده‌سته‌كانی به‌حورمه‌ته‌وه‌ ده‌گوشم و سوپاسی لوتفیان ده‌كه‌م ، ئه‌و گۆرانییه‌ له‌ڕێی كه‌ناڵی ( BMC) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ، سوپاس و ستایش بۆ كه‌ناڵی ناوبراو بۆبڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌ نه‌بیستراوه‌ی زیره‌ك ،، لێره‌شه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌و گۆرانییه‌ له‌هه‌گبه‌ی ئه‌رشیفی هه‌ربه‌ڕێزێك دا بووه‌ ، جێی ستایش و به‌رزنرخاندنه‌ و خۆزگه‌ هی دیكه‌شی به‌دوادا بهاتایه‌ و ئه‌وه‌ش هانده‌رێك بێت بۆئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ گۆرانی بڵاونه‌كراوه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان یان لایه‌ بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ با نه‌فه‌وتێ و خه‌ڵكی لێی سوود مه‌ندبن و خه‌رمانی ئه‌رشیفی هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه‌ن .

ئه‌و گۆرانییه‌ ده‌رده‌ دڵێكه‌ زیره‌كی نه‌مر له‌ناخه‌وه‌ ئازاره‌كانی ده‌دا به‌گوێ و هه‌ستی ئێمه‌ی بیسه‌ر كه‌ چه‌ند ئازاری چه‌شتووه‌و بێ كه‌س بووه‌ ،، له‌م گۆرانییه‌دا زۆر ڕوون ئاشكرایه‌ هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ته‌نها ئه‌وكاتانه‌ ده‌وری لێورێژ بووه‌ له‌ یاران كه‌به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی سه‌رمه‌ستی كردوون و ئه‌وانیش پێكه‌كانیان به‌خۆشیی و چاوی زیره‌كه‌وه‌ هه‌ڵداوه‌ ، (ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵیم به‌ئامانه‌ته‌وه‌ كه‌هه‌ندێك كه‌سایه‌تی و خانه‌واده‌ بوونیان هه‌بووه‌ كه‌له‌دڵه‌وه‌ زیره‌كی نه‌مرییان خۆشویستووه‌ و رێزیان لێگرتووه‌ و خزمه‌تیان كردووه‌)

گوایه‌ ئه‌و گۆرانیه‌ نه‌بیستراوه‌ی زیره‌كی نه‌مر له‌ كونجی زیندانه‌كانی عێراق دا خوێندوویه‌تی ،به‌ڵام من گومانم هه‌یه‌ له‌زینداندا خوێندبێتی ، دوای ئه‌وه‌ی منیش ناردمه‌ خزمه‌ت هه‌ندێك له‌ئازیزانم ئه‌وانیش ڕایان وایه‌ كه‌ئه‌و گۆرانیه‌ له‌زینداندا نه‌خوێندراوه‌ ، له‌ تۆنی ده‌نگی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌كدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ زیره‌كی نه‌مر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و گۆرانیه‌ی خوێندووه‌ ، و ده‌رده‌ دڵی خۆی هه‌ڵڕشتووه‌ له‌به‌رابه‌ر ئه‌و ئازارانه‌ی له‌زیندانه‌كاندا له‌باشوری كوردستان و به‌غداد و خانه‌قین چه‌شتوویه‌تی هه‌روه‌ك چۆن (دكتۆر مارف عومه‌ر گوڵ ، ده‌فه‌رموێ : هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك ده‌ردوكوڵی زیندانی عێراقی هه‌رله‌دڵدایه‌ و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌و بێ كه‌سیی خۆی به‌وشێوه‌یه‌ ده‌ربڕیوه‌)

ئه‌گه‌ر زیره‌كی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت له‌زیندان ئه‌و گۆرانییه‌ی خوێندبێت ، ئایا چۆن تۆماركراوه‌ و كێ تۆماری كردووه‌ ؟؟، كه‌واته‌ ده‌بێت ئه‌و كاته‌ی كه‌له‌ زیندانی گه‌وره‌ی سلێمانی ده‌بێت به‌ وته‌ی نووسه‌ر و ئه‌دیب كاك ( حه‌مه‌ی حه‌مه‌ باقی) كه‌ پێكه‌وه‌ زیندانی بوون ، زۆر جاران زیره‌كی نه‌مر تێیچریكاندووه‌و گۆرانی خوێندووه‌و خه‌م و كه‌سه‌ری زیندانی له‌بیر بردوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام جێێ داخه‌ كه‌ تۆمارنه‌كراون ، ئاشكرایه‌ كه‌ زیره‌كی نه‌مر گیرۆده‌و ده‌ربه‌ده‌ری ئه‌و هونه‌ره‌یه‌ كه‌له ‌سینه‌ و مێشكیدا بووه‌ و به‌رده‌وام وه‌ك كانییه‌كی ڕوون وشه‌و میلۆدی ناسك و جوان هه‌ڵقوڵاون و به‌رده‌وام به‌دوای تروسكایه‌كدا گه‌ڕاوه‌ كه‌ گۆرانی بخوێنێ و گوێگر و بیسه‌ر سه‌رسام كات و چێژ و ئارامیی ببه‌خشێت.

ئاوازی ئه‌و گۆرانییه‌ تازه‌ بیستراوه‌ی زیره‌كی نه‌مر له‌سه‌ر هه‌مان ئاوازی گۆرانییه‌كی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند یادی به‌خێر (محه‌مه‌دی ماملێ ) له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی ( وه‌فایی ) خوێندوویه‌تی به‌ناوی ( مه‌كوژه‌ )

(مه‌مكوژه‌ تۆ گه‌ردنی خۆت ڕووت له‌زولفان ده‌رخه‌وه‌

ئه‌ی سه‌بای ساڵحان ئه‌تۆ بكه‌ی ئه‌م شه‌وه‌ ڕۆژ بێته‌وه‌

تاقه‌تم چوو ئاره‌قی گه‌ردنت به‌زوڵفان ون مه‌كه‌

ئه‌ی ستاره‌ی سوبحده‌م ئه‌و شۆكه‌ زووتر ده‌ركه‌وه‌ )

به‌ڵام هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌هه‌مان میلۆدی به‌ڵام به‌تێكستێكی جیا كه‌ هه‌مووی گوزارشت له‌ ئازار و برك و ژانی خۆی ده‌كات كه‌له‌زیندان و له‌بێ كه‌سیی و چاره‌ ڕه‌شیدا چه‌شتویه‌تی ،

هیوادارم كه‌له‌و گۆرانییه‌ شاراوانه‌ی زیره‌كی نه‌مر زۆرتر بێت و له‌و شاكارانه‌ زیره‌ك بێ به‌ش نه‌بین ،

هه‌زاران چه‌پكه‌ گوڵی به‌یبوون و نێرگز بۆ سه‌رگڵكۆی پیرۆزی حه‌سه‌ن زیره‌كی نه‌مر، ڕۆحی شاد و هه‌موو كات گڵكۆی پیرۆزی ڕۆشن و چراخان بێت ، فه‌رموون ئه‌وه‌ تێكستی گۆرانییه‌ نه‌بیستراوه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌ت حه‌سه‌ن زیره‌ك ......

تاله ‌ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن ڕێی نه‌بوو بكات سڵاو

گه‌ر گیرام و كه‌وتمه‌ زیندان وه‌ك ئاوری ئاو پیا كراو

تاله ‌ده‌ربووم دۆست به‌ملیۆن ڕێی نه‌بوو سڵاو بكات

گه‌ر گیرام و كه‌وتمه‌ زیندان وه‌ك ئاوری ئاو پیا كراو

ئاخرین به‌سته‌ و مه‌قامم وا له‌لێو جاری ده‌كا

چوون مووی سپی نیشانه‌ی مه‌رگه‌ كۆچی یه‌كجاری ده‌كا

ڕه‌وڕه‌وه‌ی عومرم به‌سورعه‌ت هات به‌توندی تێپه‌ڕی

مووی سپیم نیشانه‌ی مه‌رگه‌ په‌رده‌ی حیجابی دڕی

ده‌ستم فێر بووه‌ ( لاڵ بم ) به‌بازنه‌ی ئاسن، ماشێنی قه‌فه‌ز ده‌مبا شناشن

ئه‌مبه‌ن بۆ به‌غدا هاواره‌ له‌من له‌كوێ مه‌خسه‌ده‌ به‌خوا چی بكه‌ن له‌من

هه‌رله‌گه‌نجی تا له‌پیری قه‌د دڵم بێ غه‌م نه‌بوو

برای گیانی دوژمن بوو به‌ویژدان دۆستم نه‌بوو

گه‌رده‌شی ئه‌م چه‌رخه‌ كۆنه‌ قه‌د له‌من غافڵ نه‌بوو.

جه‌مالی ده‌لاك 2/12/2020 هه‌ولێر