د. بەشیر حەداد داوایه‌ك ئاراسته‌ی حکومەتی هەرێم ده‌كات

د. بەشیر حەداد داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک بنێرێتە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی كیشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا
   
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات شاندێک رەوانەی بەغدا بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەت فیدراڵ بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە چارەسەر دەکرێن و هیچ رێگەیەکی دیکە جگە لە کۆبوونەوە لەسەر مێزی دانوستاندن نییە بۆ ئەوەی چارەسەری کێشە کەڵەکە بووەکان بکەن.

دکتۆر بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی هەرێمی کودستانیش دەکات شاندێکی هونەری و سیاسی رەوانەی بەغدا بکەن تاوەکو لە گەڵ حکومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ و دانوستان بکەن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک لەمەڕ کێشە سیاسی و داراییەکان، بەتایبەت کێشەی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

حەداد ئاماژەش بەوە دەکات کە لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 دێتە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بۆیە پێش ئەوە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندێک رەوانەی بەغدا بکات و لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەنە رێککەوتنێک و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو پرۆژە یاسایەدا جێگیر بکرێت.