كاروانێكی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان گه‌یشته‌ رۆژئاوای كوردستان

كاروانێكی سه‌ربازی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی كوردستانی سووریا.

په‌یامنێری كوردستان تیڤی له‌ قامشلۆ رایگه‌یاند: ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كاروانێكی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشتنه‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ری، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌.

گوتیشی، ئه‌و هێزانه‌ له‌ كه‌لوپه‌ل و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی و لۆجستی و سووته‌مه‌نی پێكهاتبوون.

كۆتاییه‌كانی مانگی رابردووش هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا چه‌ندین كاروانی گه‌وره‌ی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی و لۆجستی و سووته‌مه‌نیان بۆ حه‌سه‌كه‌ گواسته‌وه‌.

پێشووتریش جه‌نه‌ڕال كوین كوپسی جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندبوو، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پابه‌ندی پاڵپشتی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیكه‌ و بڕیاری كشانه‌وه‌یان له‌ عێراق و ئه‌فغانستان هیچ په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌كانیان له‌ باكووری سووریاوه‌ نییه‌.