عێراق پابەندە بە رێککەوتنی ئۆپێک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نه‌وت

ئێحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق، ڕایده‌گه‌یه‌نێت لە میانی ئەم مانگەدا، وڵاته‌كه‌ی بڕی دوو ملیۆن و هه‌شتسه‌دو حه‌فتا ھەزار بەرمیل نه‌وتی لە رۆژێکدا ھەناردەکردووه‌ و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە عێراق پابەندە بە رێککەوتنی (ئۆپێک پڵەس) بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان.

ئێسحان عەبدولجەبار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە کۆی گشتیی نەوتی ھەناردەکراو لە بەندەرەکانی باشووری عێراق گەیشتووەتە، دوو ملیۆن و حه‌فسه‌دو حه‌فتا ھەزار لە رۆژێکدا و سه‌د ھەزار بەرمیلەکەی دیکەش، رۆژانە لە رێگای بەندەری جەیھانی تورکیا و وڵاتی ئوردنەوە  ھەناردەکراوە.

ئه‌مه‌ لە کاتێکدایه‌ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، عێراق بڕی دوو ملیۆن و هه‌شتسه‌دو حه‌فتاو شه‌ش ھەزار بەرمیل نه‌وتی لە رۆژێکدا ھەناردەکردبوو .وەزیری نەوتی عێراق، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ عێراق پابەندە بە رێککەوتنی (ئۆپێک پڵەس) بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان. پێشتر وڵاتانی (ئۆپێک پڵەس)، عێراقیان بەوە تۆمەتبارکردبوو کە پابەند نییە بە رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت.