کازمی و بەشیر حەداد تاوتوێی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٠٢٠/١١/٢٦ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە دوا پێشهاتەکانی عێراق بە تایبەت بواری سیاسی و ئابووری ئەمنی وڵات کرا و جەختیش لە سەر هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان پەرلەمان و حکومەت کرایەوە بۆ کارئاسانی کردن لە دەرباز بوونی عێراق لەو قەیرانە ئابووری و تەندروستییەی کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تووشی بووە.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە شایستەداراییەکانی مووچە خۆران و جوتیارانی هەرێمی کوردستانی کرد و داوای لە سەرۆک وەزیران کرد کە بەپێی ئەو رێکەوتنەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کراوە بە زووترین کات مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی عێراق دانی بەوەدانا کە ئەو پارەیەی دەدرێتە هەرێمی کوردستان زۆر لە پشکی خۆی کەمترە و پێویستە پارەی زیاتری پێ بدرێت، بەڵام بەداخەوە هەنديك کەس لە نێو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەیانەوێت تەگەرە بخەنە بەردەم کاروبارەی حکومەت.

دکتۆر بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەدا کە بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی راگەیاندووە پیویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتگیری لە رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بکات، نەک تەگەرە بخاتە بەر کارەکانی و تێپەراندنی یاسای قەرزیش لە ئەنجومەنی نوێنەران یەکێک لەو تەگەرانەیە کە خراوەتە بەردەم ئەو کارانەی کە حکومەت پلانی بۆ داناوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێبەجێیان بکات.

حەداد ئاماژەشی بەوەدا کە سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، لە هەولى جدى دان بۆ ئەوەی کێشەیەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بێت و ئەو رێکەوتنەش کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە جێبەجێ بکرێت و مووچەی ئەو چەند مانگانەی پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت و نە نێردراوە بۆیان بنێرن و بەڵێنیشی دا رێگە نادەن مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان بێ مووچە بمێننەوە.

سەبارەت بە شایستە داراییەکانی جوتیارانیش ئاماژەی بەوەدا کە مستەفا کازمی بۆ ئەوە مەبەستە لەگەڵ وەزیری دارایی و بازرگانی قسەی کرد و پێی راگەیاندن کە دەبێت لەو چەند رۆژەدا کێشەی شایستە داراییەکانی جوتیاران چارەسەر بکرێت.

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

پێنج شەممە ٢٠٢٠/١١/٢٦