سه‌رۆكی توركیا و شای سعوودیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا

سه‌ركۆماری توركیاو شای سعوودیه‌، سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ،سه‌ركۆماری توركیا و  سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، شای سعوودیه‌ تاوتوێی هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵه‌كانیان له‌باره‌ی لووتكه‌ی G20 كرد كه‌ بڕیاره‌ سعوودیه‌ میوانداریی بكات.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی فه‌رمی سعوودیه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییان ئه‌نجامداوه‌.

له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، ئه‌ردۆغان و سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز باسیان له‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی كاره‌كانی لووتكه‌ی G20 كردووه‌ كه‌ سعوودیه‌ میوانداریی ده‌كات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، سه‌ركۆماری توركیا و شای سعوودیه‌ باسیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات كردووه‌.

لووتكه‌ی G20 كه‌ ئه‌مساڵ سعوودیه‌ میوانداری ده‌كات، رۆژانی شه‌ممه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ ٢١ و ٢٢ـی تشرینی دووه‌م به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سعوودیه‌ له‌ تشرینی دووه‌می ٢٠١٩دا بۆ ماوه‌ی ساڵێك سه‌رۆكایه‌تی لووتكه‌ی G20 ی وه‌رگرت، دوای كۆتاییهاتنی ئه‌و لووتكه‌یه‌ی كه‌ له‌ ژاپۆن به‌ڕێوه‌چوو.

چاوه‌ڕێ ده‌كرێت سه‌ركرده‌ی وڵاتانی توركیا، ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، كه‌نه‌دا، هیندستان و ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی دیكه‌ وه‌ك رووسیا و چین به‌شداریی لووتكه‌كه‌ بكه‌ن.