گوتەبێژى حکومەتى عێراق: بەغدا 320 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت


ئەحمەد مەلا تەڵاڵ گوتەبێژى حکومەتى عێراق  پابەندبوون بەناردنی 320 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دووپاتدەكاتەوە.


 گوتەبێژی حكومه‌تی عێراق رایده‌گه‌ێنێت ناكرێت جیاوازی بكرێت لەنێوان فەرمانبەرێكی بەسرەو فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان

ئەحمەد مەلا تەڵاڵ ده‌شڵێت، پابەندبوون هەیە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتنێکی قۆناغی کاتی هەیە، کە لەسەر ئەو بنەمایە 320 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ دابینکردنی مووچە.


 هەروەها  راشیگه‌یاند كه‌ ناشکرێت پەنا ببرێتە بەر سیاسەتى درووشمبازى لە سەروبەندى نزیکبوونەوەىى هەڵبژاردنى پێشوەختە و بەو هۆیەوە زیان بە هاووڵاتیان بگەیەندرێت.

   له‌به‌شێكی دیكه‌ى وته‌كانی گوته‌بێژی حكومه‌تى عێراق رایده‌گه‌ێنێت حکوومەت لە ئێستادا لەسەر بودجەی 2019 دەڕوات، چونکە بودجەی 2020 پەسەند نەکراوە، بەپێی بودجەی 2019، بەشی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

گوتەبێژی  حكومه‌تى عێراق ده‌شڵێت   ئەمڕۆ یان دەبێت وەکو بەشێک لە عێراق سەیری هەرێمی کوردستان بکەین، وەکو هاووڵاتیی عێراقی مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی بکەین، دۆخیان وەکو دۆخی بەسرە و ئەنبار بێت، یاخود نەخێر بڵێن هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە یٔەزموونی 2017ەو ریفراندۆم.

 

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز