"گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی"ی د.فەرهاد شاکەلی بڵاو كرایەوە

باس لە ڕەوتی لەدایکبوونی کورتەچیرۆک و چیرۆک و ڕۆمانی کوردی دەکات

فەرهاد شاكەلی، لێكۆڵەر و چیرۆكنووسی كورد، جگە لە زمانی كوردی، چەندین بەرهەمی بە زمانەكانی تر و لەوانە بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە.یەكێك لەو توێژینەوەیەکی ئەکادێمیکە کە ساڵی 2016 لە لایەن زانکۆی "ئۆپسالا"ی سوێد لەژێر ناوی «The Modern Kurdish Short Story» چاپ کراوە و تێیدا بە لەبەرچاوگرتنی بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان، باس لە ڕەوتی لەدایکبوونی کورتەچیرۆک و چیرۆک و ڕۆمانی کوردی دەکرێ.بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی كتێبی كوردی، ئەم بەرهەمە دەکەوێتەی بازنەی "خۆناسینی کوردانە"، لەبەرانبەر "کوردناسیی ڕۆژهەڵاتناسانە"، بەو واتایە کە ئەگەرچی توێژینەوەکە بە زمانی "ئینگلیزی" نووسراوە، بەڵام بە عەقڵێکی کوردانە و لە دەرەوەی خەیاڵی خۆرهەڵاتناسان و هزری ڕۆژاواییەکاندا ڕسکاوە.ئەم بەرهەمەی شاكەلی لەلایەن د.محەمەد خزری ئەقدەم كراوە بە كوردی و چاپەمەنیی مادیار لە سنە 2020، چاپی كردووە.
کتێبەکە هەڵگری چەند بەش و بنبەشە، کە ئەوانیش بریتین لە وتەی وەرگێڕ، وتەی نووسەر، پێشەکی، پاشخانی مێژوویی و بیبلیۆگرافی، ناوەڕۆک، فۆرم، سووکەئاوڕێک لە بەرهەمی ساڵەکانی 2000 -1988 و ئەنجامگری.
لەنێوان ناونیشانە ئینگلیزییەكە و ناونیشانە كوردییەكەی بەرهەمەكەی شاكەلیدا جیاوازییەك هەیە و وەرگێڕ ئاماژە بەوە دەکا کە ناوێکی گشتیی تری کردووەتە سەردێڕێ کتێبەکە بۆ ئەوەی لەلای خۆێنەری کورد جوانتر خۆی وێنا بکا؛ بۆیە وازی لە وەرگێڕانی دەقاودەقی ناوی کارەکە هێناوە کە بریتییە لە"کورتەچیرۆکی مۆدێرنی کوردی" و لە جیاتی ئەوە، ناوەڕۆکی کارەکەی بە ماک گرتووە و ناوی گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی لەسەر داناوە؛ چونکە لەو کارەکەدا جگە لە کورتەچیرۆک، باسی چیرۆک و ڕۆمانیش دەکرێ.
نووسەر لە سەرەتای کتێبەکەدا، سێ مژاری سەرەکی دەورووژێنێ، کە ئەوانیش بریتین لە دۆخی کەلتووری و ڕامیاریی هەرێمی کوردستان، چاندی کوردان لە سۆڤێتی پێشوو و کورد و نووسین بە زمانی "ئەوانی‌ تر".پێشەکیی کارەکەشتەرخانكراوە بۆ هەندێ بابەتی وەكو ڕەچەڵەکناسیی وشەی چیرۆک و شێوازی لێکۆڵینەوەکەی خۆی و ناساندن و هەڵسەنگاندنی سەرچاوەكانی كارەكەی.وێڕای ئەوە، لە بەشی پاشخاندا، نووسەر دەپەرژێتە سەر دەقە گرینگەکانی پەخشانی کوردی، ڕۆژنامەگەریی کوردی و گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی و ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی.
لە بەشی دووهەمدا، ناوبراو ناوەرۆکی گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی لەژێر سەردێڕەکانی مێژووی کورد، کێشەی چینایەتی، خەباتی نەتەوایەتی، پرسی ژنان و دواکەوتووییدا پۆلێن و گەنگەشە دەکات.
بەشی سێهەم تایبەتكراوە بابەتی فۆڕم و شێوەوە، كە گەلێك بابەت لەخۆ دەگرێت، لەوانە فۆرمی دەرەوە، فۆرمی ناوەوە و زمان و فۆرمی دەربڕین.بەشی چوارەم پاشکۆیەکە بۆ بەسەرکردنەوەی بەرهەمی ساڵەکانی 2000 -1988 و لە دوایین بەشیشدا، شاکەلی تێگەیشتنی گشتیی خۆی وەک دەرئەنجامی توێژینەوەکە دەخاتە بەرچاو.

ژێده‌ر/ ماڵی کتێبی کوردی