سه‌عید هه‌ركی: له‌ هه‌رێمی كوردستان 106 هه‌زار مووچه‌خۆر هه‌ن كه‌ زیاتر له‌ مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن

جێبه‌جێكردنی‌ یاسای چاكسازی به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی فایلی مووچه ‌خۆرانی نایاسایی و لێپێچینه‌وه‌ و ڕاگرتنی مووچه‌كانیان، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ده‌سپاكیش له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، خه‌ڵك هه‌یه‌ هه‌شت مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌.

سه‌عید هه‌ركی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ ڕێی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندی داره‌كانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی و هه‌وڵه‌كان له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ فایلی ته‌واوی مووچه‌خۆراندا ده‌كرێت.

ڕاشیگه‌یاند: كه‌ سه‌د و شه‌ش هه‌زار مووچه‌خۆر هه‌ن زیاد له‌ مووچه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن، خه‌ڵك هه‌یه‌ چوار مووچه‌ و پێنج مووچه‌ و هه‌شت مووچه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ ئه‌مانه‌ زیاد له‌ حاڵه‌تێكن و لیژنه‌كان پێداچوونه‌وه‌یان پیاده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌وانه‌ی زیندانی سیاسیین و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ریش وه‌رده‌گرن، مینحه‌ی زیندانیه‌كه‌ی ده‌بڕێت، یان نموونه‌مان هه‌یه‌ له‌ به‌غدا مووچه‌یه‌كی باشی هه‌یه‌، لێره‌ش به‌ میلاك له‌سه‌ر وه‌زاره‌تێك دامه‌زراوه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێت له‌نێوان ئه‌و دوو مووچه‌یه‌ یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت و یه‌كێكیان ده‌بڕدرێت.