مایسترۆی سلێمانی لە هەولێر بوو

دوو خاڵی زەق لە نمایشەکەی دا هەستی پئ دەکرا

بەشی دووەم

 پێشتر  هیچ بەرهەمێکی دەرهێنەر حەیدەر ئەبو حەیدەرم نەبینیووە، بەڵام ستایلێیکی ئەکادیمی و ئەزموونێکی باشی پێوە دیارە لەڕووی دەرهێنانی شانۆی تەعبیری.
پێم وایە کارێکی باشی کردووە کە نمایشەکەی لەنمایشی  پانتۆمایم دەرهێناوە و وەک ئەزموونێکی تایبەتی خۆی،  پانتۆمایم و نمایشی شانۆیی تێکەڵ بەیەکتر کردووە، ئەگەرنا  ڕەنگە نمایشەکەی دووچاری ڕوخان دەکرد.
چونکە بانتۆمایم  کەپشت بەتوانایەکی گەورەی ئەکتەر دەبەستێت، پێوستی بە وزەو دەسەڵاتێکی زۆری فیزیکی و جەستەیی ئەکتەر هەیە، ڕەنگە بۆ نمایشێکی یەک سەعاتی بۆ هەموو ئەکتەرێک  کارێکی ئاسان نەبێت.
دەرهێنەر کە نووسەری نمایشەکەشە، هەندێ لە دیمەنەکانی خستۆتە دیوی ناوەوەی  لابوورەکەو  هەندێکی تری خستۆتە دیوی دەرەوە، دەرگایەکی تۆماتیکی لێکیان جودا دەکاتەوە، بەڵام هەردوو دیو هەر یەک جیهانن،
دەرهێنەر ئەوەی ناوەوەی داوە بە شەش کاراکتەرە  شێتەکە و پەرستارەکە،  ئەوەی دەرەوەش بەئەکتەری سەرەکی، کە موزیک ژەنێکە.
بۆ دەربڕینی دیمەنەکانی ناوەوە، دەرهێنەر پشتی بە ڕووناکی و سینۆگرافیا و موزیک بەستووە، چەند دیمەنێکی تەعبیری  بەسێبەری  لەئەکتەرەکان دروست کردووەو ستاتیکایەکی سەرنج ڕاکێشی بەکار هێناوە بۆ دروست کردنی چەند وێنەیەکی دراماتۆرگی جیاواز.
فەزای دەرەوەشی بەئەکتەرە سەرەکیەکەو هەندێ دیمەنیشی تێکەڵ یەکتر کردووە.

ktv
دەرهێنەر هەوڵی داوە نمایشەکەی لەوێنەی دراماتۆرگی  تێر بکات بەپشت بەستن بە:
یەکەم: ئەکتەر
دووەم: موزیک 
سێێەم : سینۆگرافیاو ڕووناکی
بەڵام تا چەند لەدروست کردنی وێنە دراماتۆرگیەکاندا سەرکەوتوو بووە؟
 چەند توانیویەتی وێنەکان بخاتە نێو بەرگی  ستاتیکایەکی تەعبیری و هێماداری، کە چێژ بەبینەر ببەخشێ و چاو تێرکا لە جوانیی؟
ڕەنگە بینەر وەڵامی تایبەتی خۆی هەبێت، بەڵام من پێم وایە دەرهێنەر زۆر لەو خواستانەی نەگەیاند کە لەخەیاڵی دابوو، لەسەر تەختەی شانۆ بە پراکتیکیان بکات.
نیشانەی ئەو بۆشاییەش لەوە دەردەکوێ، کە وێنەکان لەزۆر کاتدا بینەری تێر نەکرد لەچێژ، لەوانەش لە دیمەنی گەلگامیش، دیمەنی ژەهرخواردنەکەی سوقرات، دیمەنی خوێندنەوەی بڕگەکان، دانیشتن لەسەر ئاو دەست.
بە پێچەوانەی  دیمەنی نمایشە سەربازیەکەو  دیمەنی کۆتایی دابەش کردنی نۆتەکان .
هەروا دەرهێنەر هەوڵی زۆری دابوو ڕیتمی نمایشەکە لە سڕ بوون بپارێزێ، بە دروست کردنی ئەو ڕیتم و وێنە لە ناکاوانەی بینەر لەسارد بوونەوە بە ئاگا دێنێتەوە.
ئەکتەر
 ئەکتەری سەرەکی نمایشەکە  میدیا ڕەئووفە، کە لەو نمایشەدا ڕۆڵی موزیک ژەنێک دەبینی لەناو نەخۆشخانەیەکداو ئاگاداری تەواوی ئەو کارەساتە مرۆییانەیە کە لەو شوێنەدا  ڕوو دەدەن و  ئەو زۆرینەی ڕووداوەکانی بەرجەستە دەکات، 
ئەویش پارچەیەکە لەشێتەکان، بەڵام هوشیار ترو بەئاگاترە لەوانی تر چونکە بەهۆی موزیکەوە توانیویەتی بەرگە بگرێ، هەر ئەویشە بۆ  خۆ رزگار کردن شێتەکان فێری موزیک ژەنیین و سەمایان دەکات.
میدیا ڕەئووف وەک ئەکتەر پاشخانێکی پڕ لەئەزموونی دوورو درێژی هەیەو ئەکتەرێکی ئەکادیمی نەوەی هەشتاکانە لەشانۆی عیراقی و شانۆی کوردیدا، بەڵام چونکە شانۆ لابورێکی بەردوامە بۆ ئەکتەرو پێویستی بەئەکتیف بوونەوەی بەردەوامی ڕاهێنان و جەستە و ئیلقا هەیە، ڕەنگە توانست و ئەدای ئەکتەر گۆڕانکاری بەسەر دابێت، بینەر ئەو گۆڕانکارییە لەسەر شانۆدا دەخوێنێتەوە.
بەگوێرەی میدیا دوو خاڵی زەق لە نمایشەکەی دا هەستی پئ دەکرا
یەکەمیان بەگشتی نمایشێکی  گرژی هەبوو، کە لەگەڵ کاراکتەرێکی موزیک ژەن لێک دوور بوون، گرژی لەبەرز بوونەوەی حاڵەتی ئینفعالات لە نواندا، گرژی لە ریتمی دەنگ.
دووەمیان:  خنکانی نیوەی ڕستەو دیلۆگەکان بەهۆی دەنگ نووسان و نا سەقامگیری لەتۆن و ناڕێکی هاوسەنگ ڕاگرتن ، کە دیارە ئەم  گرفتە هونەریانەش کاریگەری خۆیان دەبێت بەسەر هونەریی ئیلقاو دەنگی ئەکتەر بە گشتی .
بەڵام لەهەندێ دیمەندا میدیا ئەدایەکی بەرزی نیشاندا، بە تایبەت لەدیمەنی سەما و دیمەنی نمایشە سەربازیەکەدا.
شەش ئەکتەرە گەنجەکانی پەیمانگاش بە تێکڕایی ئەدای سەکەوتوویان نواند ، بەتایبەت ئەو نمایشانەی پێش دەست پێکردن لەناو بینەران ئەنجامیان دا، خۆناساندنێکی بەهێز بوو بۆناساندنی کاراکتەرەکانیان و چوونە نێو ئەتمۆسفیری نمایشەکە.
حه‌یده‌رعبدولڕه‌حمان