سه‌رۆکی هه‌رێم له‌ یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) پیرۆزبایی لە موسڵمانان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له‌ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا حه‌زره‌تی موحەممەد "د.خ"، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانان كرد ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

له‌ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامدا حه‌زره‌تی موحەممەد "د.خ"، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەم.

هیوادارم  یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر،  هاندەری لێبوردەیی و  پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دۆستایەتی و گەردنئازادیی نێوان  مرۆڤەکان و تەواوی گەلان و ئایین و ئایینزاکان بێت لە ناوچەکە و جیهاندا.

باشترین یادکردنەوەی حەزرەتی محەمەد پابەندییه‌ بە پەیام و فەرمایشت و ئاکار و ڕەوشتە بەرزەکانی کە لە بەخشندەیی و بەزەیی و لێبوردەیی و ئاشتەواییدا بەرجەستەیە.

جارێكی تر ئه‌م یاده‌ له‌ سه‌رجه‌م موسڵمانان پیرۆز دەکەم و لە خوای مەزن داواکارم  دەروازەی خێر و خۆشی لە گەلەکەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی بکاتەوە و کۆتایی به‌ مه‌ینه‌تییه‌کان بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان
١١ی ڕه‌بیعولئه‌ووه‌لی ١٤٤٢ی کۆچی
٢٠٢٠/١٠/٢٨