بەریتانیا پێنج هەزار پارچە شوێنەوار دەداتەوە عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کە بە سەردانێکی فەرمی لە بەریتانیایە، بەیانی ئەمڕۆ هەینی سەردانی مۆزەخانەی بەریتانیای لە لەندەن پایتەختی ئەو وڵاتە کرد. 

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ مۆزەخانەکە، ئەو پارچە شوێنەوارانەی بینیوە كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵدا حكوومەتی بەریتانیا بە فەرمی رادەستی عێراقیان بكاتەوە. 

بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەو پارچە شوێنەوارانەی کە بڕیارە حكوومەتی بەریتانیا رادەستی حکوومەتی عێراقیان بکاتەوە بە نزیكەی پێنج هەزار پارچە شوێنەوار دادەنرێت،و تاوەكو ئێستا بە گەورەترین پڕۆسەی گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارەكان دادەندرێت. 

لە راگەیەنراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژە بەوەشدراوە کە حكوومەتی عێراق پارچە شوێنەوارێک کە تاتێكی بەردینی سومەرییە وەردەگرێتەوە كە بە پێشتر بە شێوەی نایاسایی بردراوەتە بەریتانیا. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە، دۆینێ چوارشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن پایتەختی بەریتانیا. 

پێشتریش کازمی لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، لە لەندەن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن و شازادەی جێنشینی بەریتانیا، شازادە چارلس و وەزیری دەرەوە، دۆمێنیک راپ کۆببووەوە. 

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، مستەفا كازمی بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵا بە مەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ گەورە بەرپرسانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەغدای پایتەختی جێهێشت. 

کازمی بەر لە سەردانەکەی بۆ بەریتانیا، چووە هەریەک لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و لە میانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە. 

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، شاندێك كە ژمارەیەك وەزیر و سەرۆك دەستەی سەربەخۆ لەخۆدەگرێت یاوەری سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دەكەن لە سەردانەكەی بۆ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا.