پێویسته‌ میدیا و به‌رنامه‌كانی له‌ خزمه‌ت ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی دابن

گه‌لی كورد خاوه‌ن كولتوورێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و ره‌سه‌ن و به‌رزه‌

فه‌رهه‌نگ غفور

گه‌لانی زیندووی جیهان، هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌نێن و هه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و هه‌ر پلانێك داده‌ڕێژن، له‌سه‌ر بنه‌مای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییان دایده‌نێن. چونكه‌ هه‌موو شتێك به‌ وه‌سیله‌ ده‌زانن و نیشتمانه‌كه‌یان و دواڕۆژی گه‌له‌كه‌شیان به‌ ئامانج.

گه‌لی كورد خاوه‌ن كولتوورێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و ره‌سه‌ن و به‌رزه‌، ته‌ماشای هه‌موو ئه‌و شاكاره‌ نه‌مرانه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌ رێی فۆلكلۆره‌وه‌ ده‌ستاوده‌ست به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ هاتوون، ئه‌و كه‌له‌پووره‌ جوان و ئه‌و دابه‌ به‌رزانه‌ی پشتاوپشت به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ هاتوون، هه‌موویان مۆركی كورده‌واری و ره‌سه‌نایه‌تییان پێوه‌یه‌ و وای كردووه‌ ناسنامه‌ی كوردستانی له‌ناو ئه‌و هه‌موو گه‌له‌گورگه‌ی ده‌وروبه‌ر بپارێزێ.

ئه‌مڕۆ كه‌ ئێمه‌ دوای ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌، به‌ به‌شێك له‌ ئاواته‌كانمان گه‌یشتووین، نابێ به‌ هیچ بیانووێك ئه‌و كولتووره‌ جوان و ره‌سه‌نه‌ی كورده‌واری، ئه‌و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و ئادابه‌ جوانه‌ی كورده‌واری به‌ هی خه‌ڵكی دیكه‌ بگۆڕینه‌وه‌ و لاسایی كوێرانه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ بكه‌ینه‌وه‌، یان كولتووری ره‌سه‌ن به‌ شتی كرچوكاڵ و بێ به‌ها بگۆڕینه‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بێ هه‌ر هه‌موومان، هه‌ریه‌كه‌ و له‌ ئاستی خۆی، هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بكه‌ین و ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێك بهاوێین با بۆ جوانكردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی كولتووره‌كه‌مان و هونه‌ره‌كه‌مان بێ و ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌ و پرۆژه‌یه‌كمان هه‌بێ، پێویسته‌ له‌ مۆركی كوردانه‌ دانه‌ماڵدرێ، بۆ ئه‌مه‌ش دیسان به‌ باشی ده‌زانم، كه‌ فلته‌رێك هه‌بێ بۆ په‌خشكردنی به‌رنامه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ بواری هونه‌ریدا، فلته‌ر به‌ مانای سانسۆر نییه‌، به‌ڵكوو به‌ مانای دیاركردنی رێوشوێنی گونجاوه‌، به‌ ئاراسته‌ی پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی. هونه‌ری كورد هونه‌رێكی ساف و پاك و بێ گرێیه‌، مخابنه‌ خۆمان به‌ ده‌ستی خۆمان له‌كه‌داری بكه‌ین.