به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی ھه‌ولێر: ئه‌وانه‌ی نیشانه‌كانیان تونده‌ پێویسته‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌ن

به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كارمه‌ندانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، دوای تووشبوانیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی عێراق (UNAMI)، یاداشتنامه‌یه‌كیان واژوو كرد.

دلۆڤان محه‌مه‌د جه‌لال فاتیح، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی ھه‌ولێر، گوتی: دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ و په‌تایه‌ سه‌رانسه‌ری جیھانی گرتووه‌ته‌وه‌ و ھه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نییه‌ و رۆژانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ھاووڵاتییان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن و ئه‌وانه‌ی نیشانه‌كانیان تونده‌ پێویسته‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا بكه‌ن.

دلۆڤان محه‌مه‌د جه‌لال فاتیح گوتیشی: ئه‌م یاداشتنامه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دابینكردنی چاره‌سه‌ری پێویست بۆ كارمه‌ندانی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ دوای ئه‌وه‌ی پشكنینیان بۆ ده‌كرێت و دواتر له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی كۆرۆنا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن به‌تایبه‌ت نه‌خۆشخانه‌ی ئیماراتی و ئه‌وانه‌یشی كه‌ پێویستیان به‌ چاودێری چڕ ھه‌بێت ئه‌وا ده‌یانگوازینه‌وه‌ بۆ شوێنی تایبه‌ت و خۆشحاڵین كه‌ یۆنامی پارێزگاری ھه‌ولێری بۆ تووشبووه‌كانی هه‌ڵبژاردووه‌.

ریكاردۆ ریدرێگز، سه‌رۆكی نووسینگه‌ی یونامی له‌ هه‌ولێر، سوپاسی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كرد بۆ ھه‌وڵه‌كانیان له‌ رێگریكردن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگورزاریی ته‌ندروستی و گوتی: ئێمه‌ متمانه‌مان به‌ دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و ھه‌ولێر به‌تایبه‌تی ھه‌یه‌، بۆیه‌ له‌گه‌ڵیان رێكده‌كه‌وین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كارمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌سه‌ر ئاستی عێراق.

دواتر وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، سامان به‌رزنجی گوتی: ئه‌م یاداشتنامه‌یه‌ نیشانه‌ی به‌ھێزی ئه‌و متمانه‌یه‌یه‌ كه‌ رێكخراوه‌ جیھانییه‌كان به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ته‌ندروستیی له‌ ھه‌رێمی كوردستانیان ھه‌یانه‌ و ماوه‌ی ھه‌شت مانگه‌ تیمه‌ ته‌ندروستییه‌كانی ھه‌رێمی كوردستان به‌وپه‌ڕی ماندووبوونه‌وه‌ به‌ره‌نگاری ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بنه‌وه‌ و به‌رده‌وامیش پڕۆتۆكۆڵی ته‌ندروستی له‌ ھه‌رێمی كوردستان تازه‌ ده‌كرێته‌وه‌.