ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ كاراكردنی سیسته‌می به‌رگری S-400 هۆشداری ده‌داته‌ توركیا

جۆناسان ھۆفمان، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا، ئاشكرای كرد كه‌ پینتاگۆن ئاگاداری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ھه‌واڵه‌یه‌ و گوتی: ئه‌گه‌ر ئه‌م ھه‌واڵانه‌ راست بن، وه‌زاره‌تی به‌رگریی به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ ده‌كات. به‌ ئاشكرای ئاماژه‌مان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سیسته‌می S-400  له‌گه‌ڵ په‌یوه‌سته‌یی توركیا به‌ ناتۆ و ئه‌مریكا یه‌كناگرێته‌وه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا، ئه‌وه‌شی وه‌بیرھێنایه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان دژی كڕینی ئه‌م سیسته‌مه‌ بوون له‌لایه‌ن توركیاوه‌ و گوتیشی: نیگه‌رانین له‌ به‌رامبه‌ر ھه‌واڵی به‌كارھێنانی سیسته‌مه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی كرداریی له‌لایه‌ن توركیاوه‌. نابێ چالاك بكرێت. ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌ مه‌ترسی كێشه‌ی جددی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌منیمان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

جۆناسان ھۆفمان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ به‌ھۆی كڕینی سیسته‌می S-400 به‌شداری توركیا له‌ پرۆگرامی F-35 ھه‌ڵپه‌سێردراوه‌ و گوتیشی: " S-400 رێگره‌ له‌ ئه‌نجامدانی ھه‌ماھه‌نگی له‌ بواره‌كانی دیكه‌دا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا هۆشداری داوه‌ته‌ توركیا و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر كاراكردنی سیسته‌می S-400 راست بێت،ده‌بێ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌منییه‌كان چاوه‌ڕوانی سزای توند بكات.