پەرلەمانی کوردستان داوا له‌ عێراق ده‌كات رێگه‌ نەدات ھێزێكی یاخی و لەیاسا دەرچوو زیان بەپێکەوەژیان بگەیەنێت

پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای پارتی لەبەغدا دەکات و داوا دەکات عێراق رێگه‌ نەدات ھێزێكی یاخی و لەیاسا دەرچوو زیان بەپێکەوەژیان و بنەماکانی دەستوورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیی عێراق بگەیەنێت.

ئەمڕۆ شه‌مه‌ 17ی 10ی 2020، ھێزێکی لەیاسا یاخی پەلاماری بارەگای لقی (٥)ی پارتی دیموكراتی كوردستان یاندا که‌ خاوەنی گەورەترین فراکسێۆنی پەرلەمانییە لەپەرلەمانی کوردستان و لەکاتی ئەو پەلامارەشدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان سووتێنرا.

وێڕای بەتوندی شەرمەزارکردنی ئەو پەلامارەو سووتاندنی ئاڵای کوردستان کەسومبولی گەلی کوردستانەو لەسایەیدا رۆڵەکانی گەلەکەمان خوێنی خۆیان کردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەرفرازی، داوا لەحکومەت و پەرلەمانی فیدراڵی دەکەین بەدواداچوون بۆ ئەم کارە نایاساییە دوور لەھەموو عورفێکی سیاسی و گیانی پێکەوەژیانە بکەن و ئەنجامدەرانی بەسزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.

بیانووی پەلاماردەران ھەرچییەک بووبێت، رێگه‌ی دیکەی مەدەنی و میدیایی و سیاسی و پەرلەمانی ھەبوو بۆ وەلامدانەوە.

پەرلەمانی کوردستان وەکو نوێنەرایەتی شەرعیی تەواوی خەڵکی کوردستان، وێڕای دووبارە دەربڕینی نیگەرانیی زۆری خۆی لەئاست ئەم رووداوە نەخوازراوە، داواکارە حکومەتی فیدراڵی رێگه‌ نەدات ھێزێكی یاخی و لەیاسا دەرچوو زیان بەپێکەوەژیان و بنەماکانی دەستوورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیی عێراق بگەیەنێت.

بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان..
پەرلەمانی کوردستان
17ی 10ی 2020